ئاسایشی حەلەب: هێزەکانی حکوومەتی سووریا بە درۆن بازاڕێکیان بۆردومان کرد
ناوەندیی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕایگەیاند: هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا لە ڕێگەی درۆنی خۆکوژییەوە بازاڕێکیان بۆردومان کرد، هەروەها ناوچەکانی نیشتەجێبوونیش بە بەردەوام بۆردومان دەکەن.
چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندیی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، بە تایبەت هەردوو گرووپی "عەمشات" و "حەمزات"، درێژە بە پەرەسەندنە سەربازییە دڕندانەکەیان دەدەن دژی هەر دوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی ئەم پەرەسەندنەدا، ئەو گرووپانە ماڵێکی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەی "شەقیف" بە دوو مووشەک کردە ئامانج کە زیانی ماددی لێکەوتەوە، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی هێرشێک لە ڕێگەی درۆنێکی خۆکوژییەوە بۆ سەر بازاڕی گەڕەکی ڕۆژئاوا، کە ئەمەش بەردەوامییەکی ئاشکرایە بۆ بە ئامانجگرتنی گەڕەکە نیشتەجێبووەکان.
لای خۆیەوە عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب ڕایگەیاند: بەهۆی بەردەوامی گرژی و ئاڵۆزییەکان و، لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گشتی قوتابییان، دەوامی ناوەندەکانی خوێندن؛ قوتابخانە و زانکۆکان، بۆ سبەی پێنجشەمەش ڕادەگیرێن.
پارێزگاری حەلەب، دەشڵێت: بڕیاری دەستپێکردنەوە یان ڕاگرتنی دەوام لە دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتییە حکوومییەکانی دیکەدا، سپێردراوە بە بەڕێوەبەر و بەرپرسان، بە جۆرێک ڕەچاوی سەلامەتیی ئەمنی بکرێت، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە لە شوێنی پێکدادان و بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆوە نزیکن.
ماوەی دوو ڕۆژە هەر دوو گەڕەکی کوردنشینی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە پارێزگای حەلەب، لە لایەن هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریاوە گەمارۆدراون و کاتژمێر سێی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، بڕیاری هێرشکردنە سەر هەردوو گەڕەکەکە درا.