شوکروڵڵا شێخانی: ئەگەر درامای خۆماڵی نەبێت بینەر ناچارە سەیری دراما بیانییەکان بکات
شوکروڵڵا شێخانی، ئەکتەری دیاری بواری شانۆ و سینەما، لەو چاوپێکەوتنێکی تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر پێشکەوتنی دراما و فیلمی کوردی و باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات.
دەڵێت: لەئێستادا خەریکی تۆمارکردنی بەشی سێیەمی درامای ئادیابینین، من هەر بە ڕۆڵی فەرهاد پاشا تێیدا بەشدارم و ئەو ڕەمەزانە پەخش دەکرێت، هەروەها هەر ۆ ئەمساڵ داوام لێکراوە کە بەشداربم لەزنجیرە درامایەکی کۆمەڵایەتی لەشاری هەولێر.
شوکروڵڵا شێخانی، باس لەکارو چالاکییە هونەرییەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: لەساڵی 1971 سەرەتای دەستپێکردنی کاری هونەریم، بە کارێکی شانۆیی لە قوتابخانەی ناوەندی سەیداوەی کوڕان دەستی پێکرد، ئێمە کۆمەڵێک گەنج بووین شانۆگەریەکمان ئامادەکرد و پێشکەشمان کرد، پاشان هەر لەو ساڵەدا لەسەردەستی مامۆستای گەورە و پڕ توانا تەڵعەت سامانی کۆچکردوو لەڕێگەی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی هەولێر، بەچەند شانۆگەرییەک دەستم پێکرد وەکو، شانۆگەری خەملی پەمۆ، پیلان، کاوەی ئاسنگەر، قەل و ڕووتە، شاری ئەوین، گێچەڵەکانی حەمە، وەی وەی، پێکەنینی تووڕەیی، پێشانگە، هەبوو نەبوو، گوێزان، زنجیرە درامای کەوەکانی قەرەچوخ، هەروەها من لەگەڵ مامۆستا تەڵعەت سامان بەردەوام بووم تا ساڵانی نەوەدەکان، کارەکانی ترم وەکو، شانۆگەری سێدارە، بێلانەکان، پەشیمانم، وە زیاتر لە 300 لە بابەتی چیڕۆکی، پاشان لە ساڵانی 2000 بەرەو سەرەوە بەشداربووم لە زنجیرە درامای ئازارەکانی بارام، پاشان بەشدار بووم لە زنجیرە درامای ئادیابین کە لە بەشی یەکەم کەسایەتی مومتاز پاشام هەبوو، وە بەشی دووەم کەسایەتی فەرهاد پاشام هەبوو، هەروەها لەئێستادا لەبەشی سێیەمی ئادیابین کەسایەتی فەرهاد پاشا هەیە
شوکڕوڵڵا شێخانی گوتیشی: بێگومان بینین و نیشاندانی درامای ئادیابین، بینەرێکی زۆری هەبوو و یەکێک بوو لەدراما هەرە باش و سەرکەوتووەکان، کە بینەر شەوانە چاوەڕوانی پیشاندانی ئەو درامایەی دەکرد و چێژی لێوەردەگرت و دەنگدانەوەیەکی باشی درووستکرد، ئەوە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ گەڕاندنەوەی بینەر بۆ شاشەی تەلەڤزیۆنە کوردییەکان و دوورکەوتنەوە لە دراما بیانییەکان.
شێخانی، باس لە بینەری کوردی و دراما بیانییەکان دەکات و دەڵێت: بینەری کوردی هیچ تاوانی نییە کە بە ناچاری سەیری تەلەڤزیۆن دەکات و ئەگەر درامای خۆماڵی نەبێت ناچارە سەیری دراما بیانییەکان بکات، بۆیە پێویستە زیاتر گرنگی بە دراما خۆماڵییەکان بدرێت، چونکە بینەر حەزی بە سەیرکردنی فیلم و دراما هەیە، بۆیە ئەگەر ئێمەی هونەرمەندان یەک دەست نەبین، ئەوا درامای کوردی بەرهەم نایێت.
دەربارەی ئەوەی کە بۆچی گرنگی بە دراما دەدات و بە شانۆ نادات، شوکروڵڵا شێخانی گوتی: لەلای من گرنگ نییە، چ شانۆ بێت یاخود دراما، بەڵام لە ئێستادا کاری شانۆ زۆر کەمە، وە داوام لێکرا بەشداری درامای ئادیابین بکەم، بۆیە بەشانازییەوە بەشداریم کرد، ئەگەر کاری شانۆیی باش هەبێت بەدڵنیاییەوە بەشداری دەکەم، چونکە من هونەر دەکەم، هەر کارێکی هونەری هەبێت ئینجا شانۆ بێت یان دراما بەشداری تێدا دەکەم، بەڵام وەک گوتم کاری دراما و سینەما زیاترە لەشانۆ، بۆیە کاری شانۆمان نییە.
هەروەها ئاماژەی دا: درامای کوردی تا ڕادەیەک جێگای خۆی کردۆتەوە، بەڵام من باوەڕم وایە ئەگەر پلانێکی باش هەبێت بە دانانی کەسانی لێهاتوو و دەرهێنەری باش، ئەگەر پارە بدرێتە کەسانی دڵسۆز و زیرەک و بەتوانا، ئەوا فیلمی کوردی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و بینەران دڵخۆش دەبن و جارێکیتر ڕوو لە درامای بیانی ناکەن.
لەکۆتایی قسەکانیدا، شوکروڵڵا شێخانی، باس لەنوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: لەئێستادا خەریکی تۆمارکردنی بەشی سێیەمی درامای ئادیابینین، من هەر بە ڕۆڵی فەرهاد پاشا تێیدا بەشدارم و ئەو ڕەمەزانە پەخش دەکرێت، هەروەها هەر ۆ ئەمساڵ داوام لێکراوە کە بەشداربم لەزنجیرە درامایەکی کۆمەڵایەتی لەشاری هەولێر.
شوکروڵڵا شێخانی، ئەکتەری دیاری بواری شانۆ و سینەما، لەساڵی 1956 لەکەرکووک لەدایک بووە، یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی کوردستان و خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە، یەکەم کاری هونەری لە شانۆیی "خەملی پەمۆ" بوو لە ساڵی 1972.