فوئاد حوسێن: بەردەوامی ڕووداوەکانی سووریا کاردانەوەی لەسەر دۆخی عێراق دەبێت
وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، وەزیری دەرەوەی سعودیە، دوایین پێشهاتەکانی سوریا و یەمەن، هەروەها گرژییەکانی ناوچەکە و کاردانەوەکانی لەسەر عێراق و شانشینی سعودییە تاوتوێ کرد.
پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود وەزیری دەرەوەی سعودیە، دواین پێشهاتەکانی سووریا و یەمەنیان تاوتوێ کردووە، بە تایبەت ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی شاری حەلەب، هەردوولا جەختیان لە سەر پێوستی ڕاگرتنی شەڕ و درێژەدان بە دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی سووریا و سەرکردایەتی هەسەدە کردووەتەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، نیگەرانی خۆی سەبارەت بەو هێرشانەی کە ناوچە مەدەنییەکانی شاری حەلەبیان کردۆتە ئامانج و ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی دەربڕیوە، هەروەها جەختی لە گرنگی هاوکاری بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا کردووەتەوە، هاوکات هۆشداریشی دا ئەگەر ئەم ڕووداوانە بەردەوامیان هەبێت بێگومان کاردانەوەیان لەسەر دۆخی ئێستای عێراق دەبێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا جەختییان لەسەر پێویستی پەیوەندیکردن لەگەڵ حکوومەتی سووریا کردووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پێشهات و ڕووداوانەی لە ناوچەکە ڕوودەدەن، ئەمەش بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر و کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزی و شەڕ لەو وڵاتە.