بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: لە 12 کاتژمێری داهاتوودا بۆری ئاوی ئیفراز سێ دەکەوێتەوە کار
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، ڕایگەیاند، دوای شکانی بەشێکی بۆری ئاوی ئیفراز سێ، تیمەکان سەرقاڵی خاوێنکردنەوە و چاککردنەوەی بۆرییەکەن و لە 12 کاتژمێری داهاتوودا ئاوی ئیفراز سێ دەگاتەوە ماڵان.
یەکشەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت، "ئەمڕۆ یەکشەممە، کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانی بەشێک لە بۆری ئاوی ئیفراز سێ شکاوە، گوتیشی، تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆرییەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، شکانی ئەمجارەی بۆری ئیفراز سێ، نابێتە هۆکاری دروست بوونی بێ ئاوی لە گەڕەکەکانی هەولێر، چونکە شەوی ڕابردوو بە بەردەوامی ئاو بەو گەڕەکانە دراوە، لە لایەکی دیکەشەوە کاتێكی کەمی پێویستە تاوەکو بۆرییەکە چاکبکرێتەوە.
ڕابەر حوسێن گوتیشی، لە ماوەی نزیکەی 12 کاتژمێری داهاتوودا کێشەی شکانی بۆری ئاوی ئیفراز سێ چارەسەر دەکرێت و بە شێوەیەکی ئاسایی دەکەوێتەوە کار.
پرۆژەی ئیفراز سێ 35%ـی ئاوی شاری هەولێر دابین دەکات، پرۆژەکە لە حەوت پەمپ پێک هاتووە، پێنجیان کار دەکات و دوو دانەشیان یەدەگە.
ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سەر هێلی ئیفراز سێ، بریتین لە: سەیداوە، مامۆستایان، باداوە، بەشێک لە گەڕەکەکانی قەڵاتی نوێ، بێرکۆتی نوێ، فەرمانبەران، پێنجی حەسارۆک و هاوکاری.