ئەڵمانیا: ئەگەر سووریا مافی پێکهاتەکان نەپارێزێت هیچ داهاتوویەکی نابێت
وەزیری هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند، هێرشەکانی حکوومەتی سووریای عەرەبی بۆ سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە توندی ئیدانە دەکەین، ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی سووریای عەرەبی بەرپرسیارە بەرانبەر ئەو توندوتیژییانەی لە ڕۆژانی ڕابردوو دژی کوردەکان ئەنجام دراوە.
یەکشەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕیم ڕادۆڤان، وەزیری هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریی ئەڵمانیا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" نووسیویەتی"هێرشەکانی سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، ئیدانە دەکەین، جەختی لەوە کردەوەتەوە، سەقامگیری لە سووریا تەنها بە کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و گەیشتن بە چارەسەری سیاسی لە ڕێگەی دیالۆگەوە بەدەست دێت نەک بەکارهێنانی توندوتیژیی و چەوساندنەوەی نەتەوە و پێکهاتەکان."
ئاماژەی بەوەش کردووە، پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و پێکهاتەکان لە سووریا جێگای دانووستان نییە، بەڵکو دەبێت بە بێ جیاکاری و توندوتیژی و پەراوێز خستنیان، هەموو پێکهاتەکان خاوەنی ماف و بڕیاری چارەی خۆنووسین بن.
جەختی لەوەش کردووەتەوە، حکوومەتی سووریای عەرەبی، بەرپرسیارییەتی دەستبەجێ کۆتاییهێنان بەم توندوتیژییە و دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو چین و توێژەکانی دانیشتووانی لە ئەستۆدایە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، سەقامگیریی بەردەوام لە سووریا تەنها بە وەستاندنی توندوتیژییەکان و پاراستنی هەموو پێکهاتەکان و گەیشتن بە چارەسەری سیاسی لەڕێگەی گفتوگۆوە دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت.
ڕیم ڕادۆڤان، گوتیشی: ئەگەر هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی سووریا نەتوانن بە ئازادی و سەلامەتی بژین، هەروەها مافی چارەی خۆنووسینیان بەبێ گۆشەگیری، جیاکاری و توندوتیژی پێنەدرێت، سووریا هیچ داهاتوویەکی نابێت.