مەکسیک: ئامادەین بۆ هەماهەنگی بەهێز لەگەڵ ئەمەریکا
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەگەڵ هاوتا مەکسیکییەکەی خوان ڕامۆن دی لا فۆینتێ، دوای چەند ڕۆژێک لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی دژی بازرگانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە مەکسیک گفتوگۆیان کردووە.
دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ خوان ڕامۆن دی لا فۆینتێ وەزیری دەرەوەی مەکسیک لەسەر پێویستی هاوکاریی ئەمەریکا بۆ مەکسیک قسەی کردووە، باسیان لە هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی ماددەی هۆشبەر و وەستاندنی بازرگانیی بە چەک کردووە.
ئەم گفتوگۆیەی نێوان ئەمەریکا و مەکسیک لە کاتێکدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، حکوومەتی مەکسیک بەرانبەر بە بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانەکانی مامەڵەکردن بە چەک کۆنتڕۆڵ کردنی وڵاتەکەی لە دەستداوە، بۆیە ئەگەر هەیە هاوشێوەی ڤەنزوێلا ئۆپراسیۆنی زەمینی لەو وڵاتە ئەنجام بدەن.
لە بەرانبەردا کلۆدیا شەینبام سەرۆکی مەکسیک، ڕایگەیاندووە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ڕێنمایی خوان ڕامۆن دی لا فۆینتێ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە، 3ی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.