دۆسیەی دادگایی کردنی لاهور شێخ جەنگی بۆ پێداچوونەوە، ڕەوانەی هەولێر دەکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو.
بورهان رەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دادگاییکردنەکە بەپێی ماددەی 56 بوو, لەسەر داوای ئەوان و دادگای پێداچوونەوە، دادگا بڕیاریدا دۆسیەکە بۆ وردبینی بگوازرێتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەولێر.
گوتیشی، دوای وردبینی, دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیار لەبارەی دۆسیەکەی لاهور شێخ جەنگی دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بە گشتی بە باشی بەڕێوەچوو.
هاوکات گواستنەوەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و 11 دەستگیرکراوی دیکە بۆ هەولێر، لەسەر داواکاری بنەماڵەکەیان بووە.
لە 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنی و سەربازی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، کە بە بارەگای سەرەکیی لاهور شێخ جەنگی دادەنرا، لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون.
دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە سەرکردە و کارگێڕانی بەرەی گەل دەستگیرکران.