خوێندنی باڵا: ئەم سێ توێژە لە کرێی خوێندن دەبەخشرێن

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی سێ توێژی خوێندکارانی خوێندنی باڵا دەرکرد و بڕیاریدا لە کرێی خوێندن لە کاتی درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن بیانبەخشێت.

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتەکە کە واژۆی ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە و ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، دەرچووە، گشتاندن بۆ سەرۆکایەتیی گشت زانکۆ حکوومییەکان کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەم خوێندکارانە لە کاتی درێژکردنەوەی ماوەی خوێندنیاندا لە کرێی خوێندن دەبەخشرێن.

بڕیارەکە ئەو خوێندکارانەی ماستەر و دکتۆرا دەگرێتەوە کە لە ساڵی خوێندنی 2023-2024 وەرگیراون و سەر بەم سێ توێژەن،

1- خوێندکارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچەکانی ماددەی 140).
2- خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
3- سێ یەکەمە دانەمەزراوەکان.

پێشتر ئەم توێژانە لە کرێی خوێندنی ئاسایی بەخشرابوون، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، لەمەودوا ئەگەر ماوەی خوێندنیشیان بۆ درێژ بکرێتەوە، هیچ بڕە پارەیەک وەک کرێی خوێندن لێیان وەرناگیرێت.