ئیدارەی ترەمپ لقەکانی ئیخوان موسلیمین دەخاتە لیستی تیرۆرەوە
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لقەکانی کۆمەڵی ئیخوان موسلیمینی لە وڵاتانی میسر، ئوردن و لوبنان بە فەرمی وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" ناساند و زنجیرەیەک سزای بەسەر گرووپەکان و ئەندامەکانیاندا سەپاند.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەی ئەم بڕیارەوە ڕایگەیاند: "ئەم هەنگاوانە سەرەتای هەوڵەکانمانە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو توندوتیژیانەی لەلایەن لقەکانی ئیخوان موسلیمینەوە ئەنجام دەدرێن." ڕوبیۆ جەختیشی کردەوە واشنتن هەموو ئامرازە بەردەستەکان بەکاردەهێنێت بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی ئەو گرووپانە و ڕێگریکردن لە بەشداریکردنیان لە چالاکییە تیرۆریستییەکاندا.
لقی لوبنان: لەلایەن وەزارەتی دەرەوە وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی (FTO)" ناسێنراوە، یەکێکە لە توندترین جۆرەکانی سزا و بەو پێیەش هەر جۆرە پاڵپشتییەکی ماددی بۆ ئەم گروپە وەک تاوانێکی گەورە هەژمار دەکرێت.
لقەکانی میسر و ئوردن: لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە وەک "تیرۆریستی جیهانی" دەستنیشانکراون، ئەمەش بەهۆی تۆمەتی پاڵپشتیکردنیان بۆ بزوتنەوەی حەماس.
ئەم بڕیارە فیدراڵییە دوای ئەوە دێت دوو مانگ لەمەوبەر، هەردوو ویلایەتی تەکساس و فلۆریدا فەرمانی جێبەجێکردنیان دەرکرد بۆ ناساندنی ئیخوان موسلیمین و ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا-ئیسلامی (CAIR) وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی.