ئازاد حەمەدەمین: لەگەڵ وەزارەتی کار بۆ دەستەبەرکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان لەسەر هێڵین
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی دۆخی گوزەرانی میدیاکاران، هەنگاوەکانی بۆ دابینکردنی زەوی و مسۆگەرکردنی مافی خانەنشینیی بۆیان دەست پێ کردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکاریی هەوڵە نوێیەکانی سەندیکاکەی بۆ دەستەبەرکردنی مافە دارایی و شایستەکانی ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو، کە خۆی لە پرسی "خانەنشینی" و "دابینکردنی پارچە زەوی"ـدا دەبینێتەوە.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، سەبارەت بە پرسی خانەنشینبوونی ڕۆژنامەنووسان، ئاماژەی بەوە کرد، کە بە پێی یاسای خانەنشینیی ڕۆژنامەنووسان، دەکرێت هاوشێوەی توێژی کرێکاران مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بکرێت و ساڵانی خزمەتیان بۆ هەژمار بکرێت بکرێت.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، کە ئێستا پەیوەندییەکی راستەوخۆ و بەردەوامیان لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەیە، بە ئامانجی ئەوەی لە داهاتوودا ڕۆژنامەنووسان بتوانن بەشداری لە سندوقی "بیمە و دەستەبەری کۆمەڵایەتی" بکەن، تاوەکو مافی خانەنشینییان پارێزراو بێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا و سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی، ئازاد حەمەدەمین ڕایگەیاند: کە ڕێنماییان بۆ سەرجەم لق و نووسینگەکانی سەندیکا دەرکردووە تاوەکو دەست بە دابەشکردن و پڕکردنەوەی فۆرمی تایبەت بە وەرگرتنی زەوی بکەن.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان جەختی کردەوە، کە پێشینە بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەیە کە پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون و خاوەنی هیچ داهاتێکی دیکە نین. بۆ ئەم مەبەستەش، سەندیکا لە هەماهەنگیی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەوەی ڕێکارەکان تەواو بکرێن و زەوی بۆ ڕۆژنامەنووسانی شایستە دابین بکرێت.