بەرزاییەکانی جۆلان و ناوچەی درووزەکان خاڵی ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و سووریایە

ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی دوایین پێشهاتەکان لە بارەی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و سووریا ئاشکرا کرد.

دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، "ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ سووریا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێن، بریتین لە کشانەوەی سووریا لە نۆ پێگەی سەربازی لە بەرزاییەکانی جۆلان، کە ئیسرائیل دەستی بەسەردا گرتوون".

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لەو خاڵانەی کە لە نێوان ئیسرائیل و سووریا تاڕادەیەک ناکۆکی دروستکردووە، داواکاریی سووریایە بۆ وەستاندنی هاوکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچەی درووزەکان لە باشووری سووریا و ناوچەی دیمەشق. 

بە گوێرەی سەرچاوەکان، "گفتوگۆکان سەبارەت بە کشانەوەی ئیسرائیل لە ناوچە ستراتیژییەکانی ناوچەی جەبەل شێخ لە بەرانبەر گەرەنتی ئاسایشی دیمەشق بەڕێوەدەچێت".

ڕۆژنامەکە لە زاری سوپای ئیسرائیلەوە هۆشداری داوە لە "بڕگەیەکی ئەگەری سنووردارکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوخۆی سووریا، کە هەڕەشەی بەهێزکردنی حزبوڵڵای لوبنان دەکات".

بە گوێرەی لێدوانەکانی سوپا، "هەرچەشنە سنووردارکردنێک بۆ ئۆپەراسیۆنەکان دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ کردنەوەی ڕێگاکانی قاچاخچێتی چەک لە ئێران و عێراقەوە بۆ حزبوڵڵای لوبنان لە ڕێگەی سووریاوە".

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل و سووریا بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک کە دۆخی ئەمنی سنوورەکانیان سەقامگیر بکات، هاوکات لەوانەیە  لە داهاتوودا ئەمە هەنگاوی یەکەم بێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان.