ئەوروپا لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ 93 ملیار یۆرۆ باج بەسەر ئەمریکا دەسەپێنێت
دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە سەپاندنی باجی زیادە بە سەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وەکو فشارێک بۆ ملکەچبوون بە پێدانی گرینلاند بە ئەمریکا، ئەوروپییەکان بیر لە سەپاندنی باج دەکەنەوە بۆ سەر ئەمریکا وەکو وەڵامێک لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ترەمپ.
دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026، هەشت وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە هەڕەشەیان لێکراوە بە سەپاندنی باجی زیادە بە سەریاندا لە پێناو دەستبەرداربوون لە گرینلاند، لە هەڵوێستێکی کۆدەنگیدا ڕایانگەیاندووە، یەکێتی ئەوروپا بیر لە وەڵامدانەیەکی ئەگەری دەکاتەوە کە دەکرێت بریتی بێت لە سەپاندنی باج بە بەهای 93 ملیار یۆرۆ بە سەر ئەمریکا، یان سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە بۆ بازرگانی کردن لە ناو خاکی یەکێتی ئەوروپا.
کۆبونەوەیەکی نائاسایی و بە پەلە کە 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بەشدار بوون لە برۆکسل بەڕێوەچوو، ئامانجی کۆبونەوەکە هەماهەنگی و کۆدەنگی وەڵامدانەوە بوو لە بەرانبەر هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە بارەی سەپاندنی باجی زیادە بە رێژەی 10% بەسەر هاوردەی وڵاتانی ئەوروپا ئەگەر دەستبەرداری دوورگەی گرینلاند نەبن بۆ ئەمریکا.
لەم بارەیەوە دوای کۆبونەوەکەیان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هەریەکە لە بەریتانیا، دانیمارک، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، نەرویج و سوید جەختیان لەوە کردەوە، هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی باج پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ئەمریکا ئاڵۆز دەکات و مەترسی تێکچوونی جددییان لەسەرە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە کۆدەنگی و هەماهەمنگی دەمێننەوە لە هەمان کاتدا پابەند دەبن بە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەوروپا، ئەمە دووەم هەنگاوی یەکێتی ئەوروپایە بۆ ڕێگریکردن لە دەستبەرداگرتنی گرینلاند لە لایەن ئەمریکاوە.
دوای هەڕەشە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی گرینلاند، وڵاتانی ئەوروپا بۆ یەکەمجار لە هەنگاوێکی هاوبەشدا، وەک پاڵپشتییەک بۆ دانیمارک و هەرێمەکە و بەرەنگاربوونەوەی چاوتێبڕینەکەی ترەمپ، هێزێکی هابەشی 37 سەربازی ڕەوانەی گرینلاند کرد.
ئەو هێزە هاوبەشەی ڕەوانەی دوورگەی گرینلاند دەکرێت پێکهاتووە لە 15 سەربازی فەرەنسا، 13 سەربازی ئەڵمانیا، 3 سەربازی سوید، 2 سەربازی نەرویج، 2 سەربازی فینلاند و هەر یەک لە بەریتانیا و هۆڵەندا یەک سەربازیان ڕەوانەی گرینلاند کردووە.
ئەم هەنگاوەی وڵاتانی ئەوروپا بەشێکە لە مانۆری خۆڕاگریی جەمسەری، کە لە لایەن دانیمارکەوە بەرانبەر فراوانخوازییەوەکانی ئەمەریکا رێکخراوە.
لە بەرانبەردا کۆشکی سپی ناردنی ئەو ژمارە سەربازانەی بە کارێکی بێهوودە ناوبردووە و کارۆڵاین لێڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی ناردنی هێز لە لایەن ئەوروپاوە گوتی "پێم وا نییە ناردنی هێز لە لایەن ئەوروپاوە بۆ گرینلاند هیچ لە بڕیاری سەرۆک ترەمپ و ئامانجی لکاندنی دوورگەکە بە ئەمەریکا بگۆڕێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرەتای ساڵی ڕابردوو لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیەل وێنەی نەخشەی نوێی ئەمەریکای بڵاوکردەوە و لەسەر نووسی بوو "زۆر گرنگە ئەمەریکا خاوەنی گرینلاند بێت". هەروەها لە نەخشەکەدا کەنەداشی بە بەشێک لە ئەمەریکا دەست نیشان کردبوو.