ڕێبەر ئەحمەد و بەرھەم ساڵح دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن

 وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دکتۆر بەرھەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا کە لەژنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوەچوو، بە وردی تیشک خرایە سەر بارودۆخی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و جەخت لە هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان بۆ باشترکردنی گوزەرانیان کرایەوە.

لە میانی دیدارەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە دکتۆر بەرھەم ساڵح کرد بەبۆنەی وەرگرتنی ئەرکە نوێیەکەی لە ناو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هیوای سەرکەوتنی لەو پۆستە گرنگ و مرۆییەدا بۆ خواست. هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی ئەو تەحەددییانە کرد کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ئاوارەبووەکان دەبنەوە و چۆنیەتی پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاوکاریکردنیان لە ناوچەکەدا.

وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پابەندە بە پاراستن و دابینکردنی پشتگیریی پێویست بۆ هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە بەهۆی نائارامییەکانی ناوچەکەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، دامەزراوەکانی حکوومەت بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ ئەو کۆمەڵگەیانە.

هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی شەڕی دژ بە تیرۆر و ناسەقامگیریی سیاسی لە وڵاتانی دراوسێ، میوانداری زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی ناوخۆیی و پەنابەری کردووە، سەرەڕای قەیرانە داراییەکان، حکوومەتی هەرێم توانیویەتی بە هاوکاری ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، پێداویستییە سەرەتاییەکانی نیشتەجێبوون، تەندروستی و پەروەردە بۆ ئاوارەکان دابین بکات و وەک ناوەندێکی گرنگی مرۆیی لەسەر ئاستی جیهان بمێنێتەوە.