هێمن لهۆنی: وەبەرهێنەرانی کورد و هاوتا جیهانییەکانیان بۆ بازرگانی و ئابووریی پەیوەندی دروست دەکەن

هێمن لهۆنی
هێمن لهۆنی

هێمن لهۆنی، سەرپەرشتیاری ماڵی کوردستان لە داڤۆس بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ سێیەمین ساڵی یەک لەدوای یەک مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی شاندێکی باڵا و 20 سەرمایەداری نیشتمانی، بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەکات. 

ئەم ئامادەبوونە بەشێکە لە ستراتیژیی حکوومەتی هەرێم بۆ ناساندنی دەرفەتە ئابوورییەکانی کوردستان لە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە دارایی و سیاسییەکانی جیهان.

سەرپەرشتیاری ماڵی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەمساڵ کۆڕبەندی داڤۆس بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەکی زۆرتر لە شاند و نوێنەرایەتیی وڵاتان، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو گەورەتر و بەرفراوانتر بەڕێوە دەچێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوەڕوان دەکرێت ئەم خولەی کۆڕبەندەکە ببێتە مەیدانێکی گرنگ بۆ ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر و کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە نێوان وەبەرهێنەرانی کورد و هاوتا جیهانییەکانیان، بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی نوێ.

لەبارەی دەرفەتەکانی ئەمساڵ، لهۆنی ڕوونیکردەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداریی وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکان نیشانەی ئەوەیە دەرفەتی زۆرتر و باشتر بۆ وەبەرهێنان و بزنس بۆ هەرێمی کوردستان دەڕەخسێت،ماڵی کوردستان لە داڤۆس وەک سەکۆیەک کار دەکات بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی جیهان لە نزیکەوە ئاشنای ژینگەی کارکردن و ئەو ئاسانکارییە یاسایی و کارگێڕییانە بن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرمایەی ناوخۆیی و بیانی دابینی دەکات.

پڕۆژەی ماڵی کوردستان لە داڤۆس، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە دەسپێشخەریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دامەزراوە، بووەتە ناوەندێکی گرنگی دیپلۆماسی و ئابووری بۆ نوێنەرایەتیکردنی کەرتی تایبەت و گشتیی هەرێمی کوردستان، ئەم ناوەندە ساڵانە لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، دەبێتە شوێنی کۆبوونەوە ئاستبەرزەکان و تاوتوێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، کە ڕاستەوخۆ کار دەکات بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان.