وەزارەتی ئەوقافی سووریا لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە بانگەوازی شەڕی کورد دەکات

وەزارەتی ئەوقافی سووریا بە ئایەتێک لە سورەتی ئەنفال، رێنماییەکی بۆ مزگەوتەکانی وڵاتەکە ناردووە و تێیدا داوا دەکات: لە مزگەوتەکانەوە تەکبیر لێبدەن و نزا بۆ سەرکەوتنی سوپای عەرەبی سووریا بکەن.

بەگوێرەی گشتاندنێک کە وەزارەتی ئەوقافی سووریا بۆ مزگەوتەکانی ئەو وڵاتەی کردووە، داوا دەکرێت: لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی سووریا پەلاماری هەسەدە و ناوچە کوردنیشینەکان دەدات، تەکبیر لێبدەن و نزا بۆ سەرکەوتنی سوپای عەرەبی سووریا بکەن.

ئەوقافی سووریا ئاماژەی بەوەداوە: لەگەڵ ئەوەی سووریا لە شەڕێکی سەختداتە بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی وڵات لە پێناو و یەکڕیزی و یەکپارچەیی، داوا لە مزگەوتەکان دەکەین لەگەڵ هەموو نوێژە فەرزەکان تەکبیر لێدەن و هانی هاووڵاتیانیش بدەن بۆ نزاکردن لە پێناو سەرکەوتنی سوپای عەرەبی سووریا.

هەروەها ڕاشیگەیاند؛ هێرش بۆسەر هەسەدە وەکو فتح کردن وایە.

لای خۆیەوە وەزیری راگەیاندنی سووریا لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، رێگە بە دروستبوونی هەرێمی جەزیرە لە سووریا نادەن.

حەمزە مستەفا، وەزیری راگەیاندنی حکوومەتی راگوزەری سووریا راشیگەیاندووە، باب و باپیرانمان رێگەیان بە دروستبوونی هەرێمی جەزیرە لە سووریا نەداوە، ئێمەش ئەمڕۆ رێگە بە دروستبوونی وەها هەرێمێک نادەین.

مستەفا دەشڵێت: خەباتی ئەمڕۆیان لە پێناو سووریایەکی یەکگرتوودایە، جەزیرە خاکی سووریا و رێگە بە دروستبوونی هەرێم لەوێ نادەن، گرنگ نییە دۆخەکە چۆن دەبێت و ساڵەکان چۆن تێدەپەڕن، هەندێک راستی هەن کە بۆ هەمیشە وەکو خۆیان دەمێننەوە و گۆڕانکاریان بەسەردا نایەت.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، 81 چەکداری داعشیان دەستگیرکردووەتەوە کە لە زیندانی شەدادی حەسەکە هەڵهاتبوون.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: دوای ئەوەی نزیکەی 120 چەکداری زیندانیی داعش لە زیندانی شەدادی باشووری پارێزگای حەسەکە هەڵهاتبوون، ‌هێزەکانیان خستە حاڵەتی ئامادەبشیەوە و گەڕان بەدوایاندا دەستی پێکرد، تا ئێستاش توانیویانە 81 چەکداری داعش دەستگیربکەنەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامن لە کێوماڵکردنی شارۆچکەی شەدادی بە مەبەستی دەستیگیرکردنەوەی ئەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندان هەڵهاتوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە هاوکاریی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، توانییان زنجیرەیەک هێرشی چڕی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق لە دەوروبەری شارۆچکەی سرین لە باشووری کۆبانێ تێکبشکێنن.

 ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاشکرای کرد؛ لە دوای پێکدادانی ڕاستەوخۆ کە تا ئێستاش لە ناوچەکە بەردەوامە، زیانی یەکجار قورس بە هێرشبەران گەیشتووە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئەمڕۆ سێشەممە 20 کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لەم ڕووبەڕووبوونەوانەدا 7 ئۆتۆمبێلی سەربازیی گرووپە هێرشبەرەکان بە تەواوی تێکشکێندراون و 4 زرێپۆشی دیکەشیان زیانی ڕاستەوخۆیان بەرکەوتووە و لەکار کەوتوون، هەروەها شەڕڤانانی هەسەدە و یەپەژە توانیویانە 4 درۆن هێرشبەران لە ئاسمانی ناوچەکە بخەنە خوارەوە، ئەمەش وەک وەڵامێکی توند بۆ ئەو 5 هێرشە یەک لە دوای یەکەی کە کرایە سەر گوندەکانی سرین.