وەزارەتی بەرگریی سووریا: هێزەکانمان ناچنە نێو گوند و شارە کوردییەکان

وەزارەتی بەرگریی حکومەتی سووریا لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا، پەیامێک ئاراستەی کوردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و بە فەرمی ڕایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانیان بە هیچ شێوەیەک پێ نانێنە نێو ناوچە نیشتەجێبووە کوردییەکانەوە.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی کردووەتەوە: پابەندبوونی تەواوی خۆمان بە پاراستنی خەڵکی کورد و ئاسایشیان دووپات دەکەینەوە، و جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین کە هێزەکانمان نەچنە نێو گوند و شارۆچکە کوردییەکانەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە سوپای سووریا ئامانجی گەڕاندنەوەی سەقامگیرییە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکدا، دیمەشق ئامادەیی تەواوی خۆی نیشانداوە بۆ وەرگرتنەوەی بەرپرسیارێتی کەمپی هۆل و سەرجەم زیندانەکانی داعش لە ناوچەکەدا و ڕایگەیاندووە کە ئەولەویەتی ئەوان شەڕی تیرۆرە.

وەزارەتی بەرگریی سووریا داوای کردووە پابەندی ڕێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم بن و جێبەجێ بکەن.