رۆیتەرز: نزیکەی 200 زیندانی داعش لە گرتووخانەی شەدادی لە حەسەکە هەڵاتوون

وێنەیەکی پێشووی گرتووخانەیەکی زیندانیانی داعش کە لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بوو
وێنەیەکی پێشووی گرتووخانەیەکی زیندانیانی داعش کە لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بوو

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، 200 زیندانی داعش لە گرتووخانەی شەدادی هەڵاتوون، ئەوەش دوای هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گرتووخانەکە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بوو.

زیندانی شەدادی، هاوشێوەی زیندانی (غوێران)، یەکێکە لەو دوو ناوەندە سەرەکییەی کە زۆرترین ژمارەی چەکدارانی داعشی تێدا بەندکراوە. 

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دوو زیندانەدا بە گشتی نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش هەبوون، کە زیندانی شەدادی بە تەنها لە نێوان 3 هەزار بۆ 5 هەزار زیندانیی لەخۆگرتووە، ئەم زیندانیانە لە هەردوو ڕەگەزی عێراقی و سووری و هەروەها نزیکەی 2 هەزار بیانی لەخۆدەگرن کە لە 58 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووە کە بەرانبەر بە هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بێدەنگە و ئاماژەیداوە، بەهۆی هەڵوێستی بێباکی نێودەوڵەتی جددی نەبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی پرسی داعش و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی ، ناچاربوون هێزەکانی هەسەدە لە کەمپی هۆڵ بکشێنەوە و دووبارە لەو شارانەی باکووری سووریا جێگریان بکەنەوە، کە کەوتوونەتە بەردەم مەترسی و زیاتربوونی هەڕەشەکان.