وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: پێویستە ئەوروپییەکان گوێ لە ترەمپ بگرن و نابێت توڕەبن

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئامۆژگاریی سەرکردە و بەرپرسە ئەوروپییەکان دەکات دەڵێت "پێویستە ئەوروپییەکان لە داڤۆس، لە بارەی گرینلاند لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دانیشن و گوێ لە قسەکانی بگرن و خۆشیان لە توڕەبوون و هەڵچوون بە دوور بگرن. 

چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، سکۆت بایسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا،  پێش گەیشتنی ترەمپ بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، "بە هەمووان دەڵێم: هەناسەیەکی قووڵ هەڵکێشن، دوور بکەوەرەوە لەو جۆرە کاردانەوەی کە پێشتر بینیومانە، مەهێڵن ئەو تاڵییەی هەیە، بخزێتە ناختانەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد،"بۆچی دانانیشن و چاوەڕوانی هاتنی سەرۆک ترەمپ ناکەن؟ بۆ ئەوەی گوێ لە قسەکانی بگرن". 

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، داوا لە هاوپەیمانەکانمان دەکەین دان بەوەدا بنێن کە پێویستە گرینلاند بەشێک بێت لە ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکردووە، دانیمارک لە ساڵی 1917 خاکی لە زەریای کاریبی بە ئەمریکا فرۆشت و دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ دوورگەکانی ڤێرجینی ئەمریکا.

وەزیرە ئەمریکییەکە دەڵێت، دانیمارک کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بێلایەن بوو، ئەو کات لە ترسی ئەڵمانیا دوورگەکانی ڤێرجینیان بە ئەمریکا فرۆشت و دواتر بۆیان دەرکەوت شتێکی گرنگیان فرۆشتووە. 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، جەخت لەوە دەکاتەوە، دوورگەی گرینلاند کە دەوڵەمەندە بە کانزاکان، بۆ ئاسایشی ئەمریکا و ناتۆ لە بەرانبەر رووسیا و چین زۆر گرنگە، بە تایبەت لە کاتێکدا کە وڵاتانی زلهێزی جیهان لە بەهێزکردنی پێگەی خۆیاندا کێبڕکێ دەکەن. 

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، بە سەرکردە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهانی ڕاگەیاندووە، وەڵامی 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەمریکا زۆر توند دەبێت، ئەگەر لە بیرۆکەی دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند پاشگەز نەبێتەوە. 

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرەنسا داوای لە ناتۆ کرد مانۆڕی سەربازی لە گرینلاند ئەنجام بدات و ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن ڕاگەیاند.

لەمبارەیەوە سکۆت بێسێنت گوتویەتی، ئەگەر ئەمە تەنیا شتێک بێت کە سەرۆک ماکرۆن لە بەرانبەر قەیرانی دارایی فەرەنسادا بیکات، پێشنیاز دەکەم سەرنجی لەسەر ئەو بابەتانە بێت کە پەیوەندی بە گەلی فەرەنساوە هەیە.