سووریا کونسوڵخانەی گشتیی خۆی لە هەولێر دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی سووریا، بڕیاری کردنەوەی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری هەولێر دەدات. بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتەش ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی سەرەکییان پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییانی سووریا کە بەهۆی سەقامگیری و دۆخی لەباری بژێوییەوە، هەرێمی کوردستانیان وەک پەناگە هەڵبژاردووە.

چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، حکوومەتی سووریا، لە چوارچێوەی سەر لە نوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و فراوانکردنی بازنەی نوێنەرایەتییەکانی لە ناوچەکەدا، بڕیاری کردنەوەی کونسوڵخانەی خۆی لە هەرێمی کوردستان دا.

محەممەد تەها ئەحمەد، بەرپرسی دۆسیەی عەرەبی لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "لەژێر ڕۆشنایی فەرمانی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، بڕیار دراوە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی سووریا لە وڵاتانی ناوچەکە کارا بکرێنەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ئاسایی بکرێنەوە."

بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایە، کونسوڵخانە نوێیەکەی سووریا لە هەولێر، وەک بەشێک لە پەیكەری باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا کار دەکات. ئەرکی سەرەکیی ئەم نوێنەرایەتییە بریتی دەبێت لە پێشکەشکردنی ڕاوێژ، ئاسانکاریی یاسایی و خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییەکان بەو هاووڵاتییە سووریانەی کە نیشتەجێی شارەکانی هەرێمی کوردستانن.

ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە کانوونی یەکەمی 2024، باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا، بەڵام دواجار بە هەڵکردنی ئاڵای نوێی وڵاتەکە، دەستی بە کارەکانی کردەوە.

لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا، سووریا تا ئێستا هیچ جۆرە نوێنەرایەتییەکی فەرمی یان کونسوڵخانەی لە هەرێمی کوردستان نەبووە و سەرجەم مامەڵەکان لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی بەغداوە ڕایی دەکرا.

بڕیاری کردنەوەی ئەم کونسوڵخانەیە وەک وەڵامێکە بۆ پێویستیی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارە سووریانەی لە هەرێم دەژین. بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، لە کۆی 343 هەزار پەنابەر لە عێراق، ڕێژەی 88%یان هاووڵاتیی سوورین. لەو ڕێژەیەش نزیکەی 240 هەزار کەسیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

زۆربەی ئاوارە سوورییەکان لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی ناوخۆیی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. فاکتەرەکانی وەک کەلتووری پێکەوەژیان، میواندۆستیی خەڵکی کوردستان و ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و ئابوورییەی لە هەرێمدا بەرجەستەیە، هۆکاری سەرەکیی مانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانن.