وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا: سەرۆک بارزانی وەک سەرکردەیەک ڕۆڵی گەورە لە چەسپاندنی ئاشتیدا دەگێڕێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، تیشکی خستە سەر گرنگیی پێگەی سەرۆک مەسعود بارزانی و ڕایگەیاند: "ڕۆڵی سەرۆک بارزانی زۆر گەورە و کاریگەرە؛ ئەو تەنیا وەک سەرۆکێک نییە، بەڵکو وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی و ناوچەیی دەردەکەوێت."
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئێستا سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە، بە ئامانجی سەقامگیرکردنی ئاشتی و هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەشی، کرۆسێتۆ گوتی: "ئیتاڵیا بە جیدییەت و بە شێوەیەکی تێروتەسەل کار لەسەر ئەم پرسە دەکات. ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی لەگەڵ تورکیا، سووریا و وڵاتانی زلهێز کار بکەین، تاوەکو بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوە و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا جەختی کردەوە؛ ئەو تەنیا بەناوی وڵاتەکەیەوە قسە ناکات، بەڵکو لەگەڵ وڵاتانی دیکەشدا لە گفتوگۆی بەردەوامدایە، چونکە "سەقامگیریی ئەم ناوچەیە تەنیا بۆ ئێمە گرنگ نییە، بەڵکو بایەخێکی جیۆپۆلیتیکی بۆ هەموو لایەک هەیە."
رۆژی چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڤاتیکان لەلایەن قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم پێشوازیی لێکرا.
بە گوێرەی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی "لە دیدارەکەدا قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم بەخێرهاتنێکی گەرمی سەرۆک بارزانی کرد و هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیداری نێوانیان دەربڕی وەک دەرفەتێک بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر بابەتە گرنگەکانی ناوچەکە و جیهان."
هەر لەو دیدارەدا هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست کە ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا باڵادەست بێت و کۆتایی بە ئازار و نەهەماتیی گەلان بهێندرێت.
لەدوای ئەو کۆبوونەوەیە قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم و سەرۆک مەسعود بارزانی دیارییان پێشکەشی یەکتر کرد.