دیمەشق هێڵەکانی ئاو و کارەبای لەسەر دانیشتووانی شاری کۆبانی بڕیوە
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاشکرای دەکات، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک، پابەندی ڕێککەوتنی ئاگربەست نەبوون و بەردەوامن لە هێرشی سەربازی.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 22 جار پێشێلکاریی دژی ناوچە جیاوازەکان تۆمار کراوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرش و پێشێلکارییانە بە شێوەیەکی سەرەکی ناوچەکانی کۆبانی، حەسەکە و دەوروبەری زیندانی ئەقتانیان لە شاری ڕەققە کردووەتە ئامانج، جگە لە گرژییە سەربازییەکان، چەکدارانی سەر بە دیمەشق پەنایان بۆ بڕینی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بردووە و هێڵەکانی ئاو و کارەبایان لەسەر دانیشتووانی شاری کۆبانی بڕیوە، ئەمەش وەک فشارێکی مرۆیی لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی ئەو ناوچەیە ئەژمار دەکرێت.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕێککەوتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان کرابوو، بەڵام بەردەوامیی ئەم هێرشانە و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی خزمەتگوزاری، مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە دروست کردووە. هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت دەکاتەوە، لایەنی بەرانبەر بێ گوێدانە هیچ پرەنسیپ و ڕێککەوتنێک، بەردەوامە لە تێکدانی ئاسایشی ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە.