عێراق داوا لە ئەوروپا دەکات داعشە زیندانییەکانی خۆیان بگەڕێننەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەوروپا کردەوە بۆ ئەوەی ئەو داعشانەی رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەیان هەیە دوای ئەوەی لە سووریاوە گواسترانەوە بۆ عێراق بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.
هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ئەنجام داوە، ئاماژەی بەوە کردووە، لە پەیوەندییەکەدا بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و عێراق و سووریا تاوتوێ کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکانیان گواستنەوەی کاتی ژمارەیەک تیرۆریستی بیانی داعشی زیندانیکراو لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ زیندانەکانی عێراق کراوە، سەرۆکوەزیران جەختی لە گرنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی یەکێتی ئەوروپا کردووەتەوە، کە بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەسانەی کە ڕەگەزنامەی وڵاتانی ئەوروپایان هەیە و بیانگەڕێننەوە و لەوێ دادگایی بکرێن و سزایان بدەن.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، سوودانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی فەرەنسا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دووپاتی کردووەتەوە، هاوکات بەردەوامی هاوکاریی دووقۆڵی لە بوارەکانی ئاسایش و بەرگری، پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
ئەم گفتوگۆیەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، لە کاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2026، عێراق رایگەیاند، ئەو زیندانیانەی داعش کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت و سزای یاسایی دەدرێن.
لە بەارنبەردا یەکێتیی ئەوروپا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، ڕاپۆرتەکانی هەڵهاتنی چەکدارە بیانییەکانی داعش لە زیندانەکانی سووریا، سەرچاوەی نیگەرانییەکی زۆرن، ئاماژەی بەوەشکردوە، چاودێری گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ عێراق دەکەن.
ئەنوەر ئەلعەنونی گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا گوتویەتی، ئەگەری هەڵهاتنی ئەم دواییەی زیندانییانی داعش لە نێوان پێکدادانەکاندا جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە، گوتیشی، "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین".
دوو بەرپرسی ئەمنی عێراق، ئەمڕۆ هەینی ئاشکرایان کرد، یەکەم گروپی دەستگیرکراوانی داعش کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئەمریکاوە لە سوریاوە بۆ بەغدا گواستراونەتەوە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە نێو ئەو زیندانییانەدا ژمارەیک لە ئەوروپییەکان هەیە کە پێشتر سەرکردەی دیار و توندڕەوەی داعش بوونە.
یەکێک لەو بەرپرسانە ئاماژەی بەوەکردووە، یەکەم گروپ کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو گواستراونەتەوە بۆ عێراق، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی داعشیان لەخۆگرتووە کە لە نەتەوە جیاوازەکان بوون، لەوانە ئەوروپی و ئاسیایی و عەرەب لە وڵاتانی جیاواز و ژمارەیک عێراقی.
بەرپرسی دووەم ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەی ئەو زیندانییانەی داعش کە گواستراونەتەوە بۆ عێراق، 150 کەس، 85 عێراقی و 65 بیانی لەخۆدەگرێت کە ئەوروپی و سودانی و سۆماڵی و خەڵکی وڵاتانی قەوقازن، جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەو داعشانە پێشتر هەموویان بەشدارییان لە هێرشەکانی داعش لە عێراق کردووە و هەموویان لە ئاستی ئەمیری ڕێکخراوەکەن.
لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدرێژایی سنووری عێراق، نیگەرانییەکان لە بەغدا پەرەی سەند کە هەندێک لە دەستگیرکراوان ئەگەر بتوانن لە زیندانەکان هەڵبێن ڕەنگە مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق دروست بکەن.
هاوکات بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی دووپاتیکردەوە، بڕیاری گواستنەوەی زیندانییەکانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بڕیاری عێراقە و لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و حکومەتی عەرەبی سووریا جێبەجێ دەکرێت.