بەرگریی شارستانیی شەقڵاوە: لە بەیانی ئەمڕۆوە دوو گەنج لە چیای سەفین بێسەروشوێن بوونە

چیای سەفین
چیای سەفین

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی شەقڵاوە وردەکاریی ونبوونی دوو گەنجی خەڵکی شاری هەولێری، لە چیای سەفین بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد.

هەینی، 23ـی کانوونی دووەمی 2026، عەمید عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی شەقڵاوە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، لە بەیانیی ئەمڕۆوە دوو گەنجی دانیشتووی شاری هەولێر ڕوویان لە چیای سەفین کردووە، بەڵام پەیوەندییان پچڕاوە و تا ئێستا بێسەروشوێنن.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شەقڵاوە ناسنامەی ئەو دوو گەنجەی ئاشکرا کرد کە ناویان (ئیبراهیم کەریم) و (نافیع قاسم)ـە و هەردووکیان لەدایکبووی ساڵی 2004ـن. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو دوو گەنجە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (جێپ ڕانگلەر/ ڕەنگی ڕەش) سەرکەوتوون بۆ سەر چیاکە.

عەمید عەبدولقادر ڕوونی کردەوە، "ئێستا مۆبایلی هەردوو گەنجەکە داخراوە و هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان بۆ ناچێت، هەروەها دیار نییە لە کام خاڵی چیاکەدان و، پرۆسەی گەڕان بەدوایاندا سەخت بووە."

سەبارەت بە هەوڵەکانی گەڕان و بەدەنگەوەچوون، ناوبراو ئاشکرای کرد: "تیمەکانی بەرگریی شارستانی، هێزەکانی ئاسایش، گرووپە شاخەوانییەکان و سەدان هاووڵاتیی خۆبەخش ئێستا لەسەر چیای سەفینن و لە کەشێکی سارد و بەفراویدا هەڵمەتێکی فراوانی گەڕانیان دەست پێ کردووە."

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شەقڵاوە ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ گەیشتن بە شوێنە سەختەکان، ئامێرەکانی ڕاماڵینی بەفر و ئۆتۆمبێلی (ئۆفرۆد)ـی خۆبەخشان بەکار دەهێنرێن تا هەرچی زووە سۆراخی ئەو دوو گەنجە بکرێت، بەڵام تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ سەرەداو و زانیارییەک لەبارەی شوێنەکەیانەوە دەست نەکەوتووە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە تیمی فڕۆکەوانیی بەرگریی شارستانیی شەقڵاوە ناتوانن بە دوای بێسەروشوێنبووان بگەڕێن، چونکە لەو کەشەدا هیچ هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیەک ناتوانێت بفڕێت و بچێتە سەر چیای سەفین.

وێنەی دوو گەنجە ونبووەکەی چیای سەفین