حکوومەتی هەرێم 100 گەنجی دیکەی لە زیندانەکانی لیبیاوە گەڕاندەوە
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی کۆچبەران، ئەمڕۆ کاروانی پێنجەمی ئەو گەنجانەی لە لیبیا دەستبەسەر بوون، گەڕێندرانەوە بۆ نیشتمان. بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیان 100 گەنجە و زۆربەیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینن، کە بەشێکیان ماوەی هەشت مانگ لە زیندان و دۆخێکی سەختدا بوون.
ڕۆژی هەینی، 23ـی کانوونی دووەمی 2026، حکوومەتی هەرێم سەرکەوتنی پرۆسەی گەڕانەوەی 100 گەنجی دیکەی ڕاگەیاند، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆچی نایاسایی بەرەو ئەورووپا، لە وڵاتی لیبیا دەستگیر کرابوون و ڕووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی سەخت ببوونەوە.
لەم بارەیەوە سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری ناوەندیی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ کاروانی پێنجەمی گەنجانی کورد کە زۆرینەیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینن، لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە.
بەڕێوەبەری ناوەندیی هەماهەنگیی قەیرانەکان، ئاماژەی بەوە دا، ئەو ژمارەی گەنجەی کە ئەمڕۆ گەڕێندرانەوە، بە پاس دەگەیندرێنەوە بەر دەرگای ماڵەکانیان، هەروەها سبەی ژمارەیەک گەنجی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە لیبای بە فڕۆکە دەگەڕێندرێنەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، پرۆسەی گەڕاندنەوەی گەنجەکان، بە هەماهەنگیی لێژنەیەکی باڵا و هاوبەش لە وەزارەتی ناوخۆ- ناوەندیی هەماهەنگیی قەیرانەکان، فەرمانگەی پەیوەندییەکان دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەنجام دراوە.
سروە ڕەسووڵ، لە بارەی وردەکاری پرۆسەکەوە گوتی: هەر لە یەکەم ڕۆژەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە لەسەر هێڵ بووە، هەروەها تیمێک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم سەردانی وڵاتی لیبیای کرد بۆ ئەم مەبەستە.
لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: کە ئەم گەنجانە لە لیبیا تووشی نەهامەتییەکی زۆر ببوون، هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکانی ئەو وڵاتەدا مابوونەوە و بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووە.
وەزارەتەکە پەیامێکی ئاراستەی گەنجان و خانەوادەکانیان کرد و جەختی لەسەر مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی کردەوە. لە پەیامەکەدا هاتووە: "ئەم جۆرە کۆچە نەک تەنیا ژیانی گەنجان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاریی یاسایی لە وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی بەدوادا دێت."
تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 202 کۆچبەری نایاسایی لە دۆخە جیاوازەکاندا ڕزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە.
سەبارەت بەو کۆچبەرانەی هێشتا لە لیبیا ماونەتەوە، ڕاگەیەندراوە کە ئێستا تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەناو خاکی لیبیادان و بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ڕزگارکردنیان، بڕیاریش وایە لە ڕۆژانی داهاتوودا کاروانی شەشەم بگەنەوە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە نەهامەتیی ئەو هاووڵاتییانەی کە دۆخی ژیان و تەندروستییان لە مەترسیدایە.