هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نەتەوە یەکگرتووەکان رەوانەی کۆبانێ کران

هاوکارییە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نەتەوە یەکگرتووەکان، رەوانەی شاری کۆبانێ کران.

دیلان بارزان، نێردروای کوردستان24 بۆ رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 30 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە دوو ڕێڕەوی جیاواز، رەوانەی شاری کۆبانێ کراون.

لەمبارەوە گۆنزالۆ ڤارگاس یۆسا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاری پەنابەران لە سووریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' بڵاویکردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی سووریا، کاروانێکی گەورەی هاوکارییە مرۆییەکان لە شاری حەلەبەوە بەرەو شاری کۆبانێ بەڕێکەوتووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە "کاروانەکە لە 24 بارهەڵگر پێکهاتووە و بڕێکی زۆر لە خۆراک، کەلوپەلی فریاگوزاری و سووتەمەنی هەڵگرتووە. ئەم هاوکارییانە لەلایەن ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا و ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە دابینکراون."

 

 

کۆبانێ و دەوروبەری ماوەیەکە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو حکوومەتەوە گەمارۆ دراون، ئەمەش دوای پاشەکشەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەند ناوچەیەک و تێکچوونی دانوستانەکان هات. گەمارۆکە بووەتە هۆی پچڕانی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان وەک ئاو، کارەبا، ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندی.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە سووریا، هۆشداریی داوە لە "کارەساتێکی مرۆیی گەورە" و رایگەیاندووە، دانیشتووانی شارەکە رووبەڕووی کەمیی توندی خۆراک، دەرمان و شیری منداڵان بوونەتەوە. ئەم دۆخە لەکاتێکدایە شەپۆلێکی سەرما و بەفربارینێکی "بێوێنە" ناوچەکەی گرتووەتەوە، دیارە لە 50 ساڵی رابردوودا بەفری وا نەباریوە.

کۆبوونەوەی ئاوارەیەکی زۆر لە گوندەکانی دەوروبەرەوە لەنێو شاری کۆبانێ، قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە. هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بەردەوامن، بەڵام دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە و مەترسییەکان لە ئارادان. رێکخراوە خێرخوازییەکانی وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییان دەستپێکردووە و چاوەڕێی رەخساندنی دەرفەتن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵکی کۆبانێ.