فەرەنسا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی تەمەن خوار 15 ساڵ قەدەغە دەکات
یاسادانەرانی فەرەنسا دەنگ بە پرۆژەیاسای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە. بە گوێرەی ئەو یاسایە، بەکارهێنانی مۆبایلیش لە قوتابخانە دواناوەندییەکان قەدەغە دەکرێت. فەرەنسا، پاش ئوسترالیا دووەم وڵاتە کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت.
سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەم 2026، رۆژنامەی 'گاردیان' لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی "یاسادانەرانی فەرەنسا پڕۆژەیاسایەکیان پەسەند کرد کە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ قەدەغە دەکات، ئەم هەنگاوەش لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەوە وەک رێگەیەک بۆ پاراستنی منداڵان لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئەو تۆڕانە، پشتیوانی لێ کراوە."
ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسا، لە دانیشتنێکی درێژی شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، بە 130 دەنگ بەرانبەر بە 21 دەنگی ناڕازی، دەقی پرۆژەیاساکەی پەسەند کرد؛ پڕۆژەکە، پێش ئەوەی ببێت بە یاسا، لە ئەنجوومەنی پیران دەنگی پەسەند دەکرێت.
ماکرۆن، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ستایشی دەنگدانەکەی کرد و بە هەنگاوێکی گەورەی وەسف کرد بۆ پاراستنی منداڵان و مێردمنداڵانی فەرەنسا.
لەگەڵ گەشەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نیگەرانییەکانیش زیاد بوون سەبارەت بەوەی کە بەکارهێنانی مۆبایل و تەماشاکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر، زیان بە گەشەی منداڵ دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستیی دەروونی.
ماکرۆن، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە شەممەی رابردوو بڵاوی کردەوە، دەڵێت "هەست و سۆزی منداڵان و مێردمنداڵانمان بۆ فرۆشتن نییە و نابێت یارییان پێ بکرێت، نە لەلایەن پلاتفۆرمە ئەمریکییەکان و نە لەلایەن ئالگۆریتمە چینییەکانەوە."
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، دەیانەوێت رێکارەکان لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 2026ەوە بۆ هەژمارە نوێیەکان جێبەجێ بکرێن. گابریێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی پێشوو کە سەرۆکایەتیی پارتی رێنێسانسی ماکرۆن دەکات لە پەرلەمان، گوتی: هیوادارم ئەنجوومەنی پیران تا ناوەڕاستی مانگی شوبات پڕۆژەیاساکە پەسەند بکات تاوەکو لە 1ی ئەیلولی داهاتووەوە قەدەغەکردنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاتال، گوتیشی: پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا 31ی کانوونی یەکەمی داهاتوو مۆڵەتیان دەبێت بۆ ناچالاککردنی ئەو هەژمارانەی کە ئێستا هەن و لەگەڵ مەرجی تەمەنی منداڵان و مێردمنداڵاندا یەکناگرنەوە.
دەستەی چاودێریی تەندروستیی گشتیی فەرەنسا (ANSES) لەم مانگەدا رایگەیاند "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک TikTok و Snapchat و Instagram چەندان کاریگەری نەرێنییان لەسەر مێردمنداڵان، بەتایبەتی کچان هەیە؛ هەرچەندە ئەوانە، تاکە هۆی تێکچوونی تەندروستیی دەروونییان نین."
مەترسییە ئاماژەپێکراوەکان بریتین لە بێزارکردنی ئەلیکترۆنی (سایبەر-بوڵینگ) و بەرکەوتن بە ناوەڕۆکی توندوتیژ. لە پرۆژەیاساکەدا بە روونی نووسراوە "دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لەلایەن پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکانەوە دابین دەکرێن، بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 15 ساڵ قەدەغەیە. بەڵام ئەم قەدەغەکردنە ئینساکلۆپیدیا ئۆنلاینەکان و پلاتفۆرمە پەروەردەییەکان ناگرێتەوە."
ئارنۆ سانت مارتن لە پارتی (LFI)چەپی توندڕەو، ڕەخنەی لە قەدەغەکردنەکە گرت و بە جۆرێک لە 'باوکایەتیی دیجیتاڵی' و وەڵامێکی زۆر سادە بۆ کاریگەرییە نەرێییەکانی تەکنەلۆژیا، وەسفی کرد.
دوێنێ دووشەممە، نۆ کۆمەڵەی پاراستنی منداڵان، داوایان لە یاسادانەران کرد کە پلاتفۆرمەکان بە بەرپرسیار بزانن، نەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە منداڵان قەدەغە بکەن.
لە ساڵی 2018دا، فەرەنسا بەکارهێنانی مۆبایلی لە قوتابخانە ناوەندییەکان قەدەغە کرد. ئێلیزابێس بۆرن، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، تێبینی خۆی لەسەر رێکارەکە دەربڕی و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی 2ـی فەرەنسا گوتی: مەسەلەکە لەوە ئاڵۆزترە؛ سەرەتا دەبێت لەوە دڵنیا بین کە ئایا قەدەغەکردنەکە لە قوتابخانە ناوەندییەکاندا بە باشی جێبەجێ دەکرێت یان نا؟