گراهام: کۆنگرێس رووبەڕووی هەر لایەنێک دەبێتەوە زیان بە کورد بگەیەنێت

سیناتۆری دیاری ئەمەریکا هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە، کە کۆنگرێس ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکان و رێگریکردن لە خوێنڕشتنی زیاتر لە باکووری سووریا، داواش لە سعوودییە دەکات رۆڵی خۆی لە سووریا بگێڕێت.

سێشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا لەبارەی دۆخی سووریاوە گفتوگۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کردووە.

گراهام لە پەیامەکەیدا هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە سووریا بەرز دەنرخێنێت و داوا لە هاوبەشانی ناوچەکە دەکات پابەندی پەیامی دۆناڵد ترەمپ بن، کە داوای سەقامگیری کردووە نەوەک شەڕ، ئاماژەی بەوەش داوە کە روبیۆ رۆڵێکی کاریگەری لەو پرۆسەیەدا هەیە.

ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە جەختی کردووەتەوە، نە وڵاتانی ناوچەکە و نە جیهانیش نایەوێت خوێنڕشتنی دیکە لە باکووری سووریا ببینن.

لیندزی گراهام پەیامێکی توندی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کردووە و نووسیویەتی: کۆنگرێس ئامادەیە هاوکار بێت لە پاراستنی سەقامگیری و رووبەڕووی ئەو لایەنە هەرێمییانە ببێتەوە کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەگەیەنن، ئەوەش لە رێگەی دژایەتیکردنی هاوپەیمانە متمانەپێکراوەکانی وەک کورد.

گراهام باسی لە رۆڵی ریاز کردووە و ڕایگەیاندووە: سعوودییە خاوەنی پێگەیەکی تایبەتە بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر حکوومەتی سووریا، هیوادارم ئەم کاریگەرییە لە بەرژەوەندیی ناوچەکە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەکار بهێنێت.