ترەمپ: دانانەوەی نوری مالیکی بە سەرۆکوەزیران بژاردەیەکی خراپە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆشداری دەداتە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد سەبارەت بە ئەگەری دووبارە دەستبەکاربوونەوەی نووری مالیكی وەک سەرۆکوەزیران.
ترەمپ لە پەیامێکی(تروس سۆشیال) ڕایگەیاند: گەڕانەوەی مالیكی بۆ لوتکەی دەسەڵات، هەڵەیەکی کوشندە دەبێت و واشنتن ناچار دەکات تەواوی هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانی بۆ عێراق ڕابگرێت، ئەمەش وڵاتەکە بەرەو شکستێکی هەمیشەیی دەبات.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی تونددا، ئاماژەی بەوە کرد، بیستوویەتی عێراق لەبەردەم بڕیارێکی زۆر خراپدایە بۆ دامەزراندنەوەی نووری مالیكی لە پۆستی سەرۆکوەزیران.
ترەمپ وەبیرهێنایەوە، لە سەردەمی حوکمڕانیی پێشتری مالیكیدا، عێراق نوقمی هەژاری و پشێوییەکی سەرتاسەری بوو، بۆیە جەختی کردەوە لەوەی، نابێت جارێکی دیکە ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەو دۆخە بدرێت. ترەمپ ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا مەترسیدارەکانی مالیكییەوە، ئەگەر ناوبراو هەڵبژێردرێت، ئەمریکا چیتر هاوکاریی عێراق ناکات.
ترەمپ هۆشداریی دا کە بەبێ پشتیوانی و ئامادەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عێراق هیچ چانسێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن و پاراستنی ئازادی نامێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا داوای لە عێراقییەکان کرد، بڕیارێکی ژیرانە بدەن بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان بەرەو پێشکەوتن بەرن و پەیامەکەی بە دروشمی عێراق جارێکی تر مەزن بکەنەوە،کۆتایی پێهێنا، کە ئەمە وەک گوشارێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە بەغدا دەبینرێت.