لاهور شێخ جەنگی لە سلێمانی دادگایی دەکرێت
بڕیارە ڕۆژی 10ـی شوباتی 2026، لاهور شێخ جەنگی لەبەردەم دادگای 3ـی سلێمانی دادگایی بگرێت.
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی ئاشکرایان کرد، دۆسیەکە پەیوەستە بە ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی و ئێستا هەوڵە یاساییەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە ڕابگیرێت یان دوا بخرێت تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەلایەن دادگای تەمیزەوە دەردەچێت.
بورهان ڕەشید گوڵە، پارێزەری تایبەتی لاهور شێخ جەنگی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 ڕایگەیاند: سکاڵاکە لە چوارچێوەی ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی تۆمار کراوە، ماددەکە تایبەتە بە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی تاوان. پارێزەرەکە ئاشکرای کرد، دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای تەمیز کراوە بە مەبەستی وردبینی و دەستێوەردانی تەمیزی، بۆیە وەک دەستەی پارێزەران پێیان باشە دادبینییەکە بوەستێنرێت تاوەکو بڕیاری دادگای باڵا دەردەچێت.
هاوکات دانا تەقێدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، جەختی لەوە کردەوە، ئەوان ئێستا چاوەڕێی بڕیاری دادگای تەمیزن لە شاری هەولێر.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵی تەواو دەدەن بۆ ئەوەی دانیشتنی دادگاییکردنەکەی ڕۆژی 10ـی شوباتی داهاتوو دوا بخرێت، چونکە پێیان وایە وردبینییەکانی دادگای تەمیز کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاراستەی دۆسیەکە دەبێت و نایانەوێت پێش دەرچوونی ئەو بڕیارە هیچ هەنگاوێکی دیکەی دادبینی بنرێت.