دوو سیناتۆری ئەمریکی بۆ کوردستان24: کورد هاوپەیمانی گرنگ و دڵسۆزی ئێمەن
سیناتۆرانی ئەمریکا جەخت لە پاراستنی هاوپەیمانە کوردەکان دەکەنەوە و دەڵێن: نابێت بارزانی و گەلی کورد بەتەنیا بەجێ بهێڵین."
سیناتۆرانی دیاری ئەمریکا، کریس کوونز و ریک سکۆت، لە لێدوانی تایبەتدا بۆ رەحیم رەشیدی، پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن، پشتیوانیی خۆیان بۆ کورد دووپاتکردەوە.
ئەوان داوایان لە ئیدارەی ئەمریکا کرد پارێزگاری لە هاوپەیمانەکانیان لە سووریا و عێراق بکات و رێگری لە هەر جۆرە توندوتیژییەک بکات.
پشتیوانیی بەردەوام بۆ سەرۆک بارزانی و هەسەدە
سیناتۆر کریس کوونز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی و پشتیوانیکردنی سەرۆک بارزانی کردەوە و گوتی: "بە بڕوای من گرنگە لە پەیوەندی و پشتیوانیکردنی بارزانی بەردەوام بین. ئەو بۆ ساڵانێکی زۆر هاوبەشێکی جێی متمانە و دڵسۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە."
سیناتۆر کوونز نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نیشاندا و گوتی ئەم بابەتە لەگەڵ سیناتۆرەکانی دیکەدا باس دەکات. گوتیشی: "نابێت بکشێینەوە و رێگە بە پێشرەویی هێزە چەکدارەکانی سووریا بدەین. لە جیاتی ئەوە، پێویستە پشتیوانیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکەین."
ناوبراو داوای لە ئیدارەی ترەمپ کرد بەرگری لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بکات، کە رووبەڕووی "گوشارێکی گەورە" بوونەتەوە. کوونز ستایشی قوربانیدانی هەسەدەی کرد و گوتی: "ئەوان شانبەشانی ئەمریکاییەکان خزمەتیان کردووە. ئەوان راپەڕین و لە پێناو ئازادیدا جەنگان. زۆر گرنگە لەم ساتە هەستیارەدا بەجێیان نەهێڵین."
سیناتۆر کوونز پەیامێکی روونی ئاراستەی ئیدارەی ئەمریکا کرد: "هیوادارم سەرۆک ترەمپ و سەرکردەکانی ئەم ئیدارەیە ئەو راستییە بە روونی ببینن ئێمە لێرە دەیزانین؛ واتە ئێمە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا خاوەنی هاوپەیمانی کوردیی گرنگین و شایستە و پێویستییان بە پشتیوانیی ئێمەیە."
لەلایەن خۆیەوە، سیناتۆر ریک سکۆت پشتیوانی گەلی ئەمریکای بۆ کوردانی عێراق و سووریا دووپات کردەوە و گوتی "هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازین."
رێگریکردن لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی ئێران
سەبارەت بە عێراق، سیناتۆر سکۆت هۆشداریی دا لە کەوتنە ژێر کاریگەریی ئێران. ئەو گوتی: "سەرەتا، بە هیچ شێوەیەک نابێت عێراق بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئێرانەوە. دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانە بەردەوام بین رێگە بە خەڵکی عێراق دەدەن شێوازی حکوومەتی خۆیان هەڵبژێرن."
سیناتۆرەکە جەختی لە پێویستیی رێگریکردن لە هەر جۆرە توندوتیژی و کوشتنێک کردەوە و بە "باشترین کار" ناویبرد. ئەو گوتی: "دەبێت لە رێگەی ئەو پەیوەندییانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەوێ هەیەتی کار بکەین و هەموو هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە شەڕ بدەین. هەروەها دەبێت تا ئەو ئاستەی دەکرێت، پشتیوانیی لەو کەسانە بکەین لە پێناو ئازادیدا دەجەنگن."