سەرەڕای فشارەکانی ترەمپ، بانکی ناوەندیی ئەمەریکا رێژەی سوودی جێگیر کرد

چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، لە یەکەم کۆبوونەوەی ساڵی نوێدا، ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا بەهۆی بەهێزیی گەشەی ئابووریی وڵاتەکەوە، بڕیاری دا رێژەی سوود وەک خۆی بهێڵێتەوە و مل بۆ فشارە توندەکانی سەرۆکی وڵاتەکەی نەدات کە داوای کەمکردنەوەی دەکرد.

بە دەنگی 10 ئەندام بەرانبەر بە 2 دەنگی ناڕازی، بانکەکە بڕیاری دا ڕێژەی سوود لەنێوان 3.50% بۆ 3.75% بێ دەستکاری بمێنێتەوە، ئەمەش بڕیارێک بوو کە پێشبینی دەکرا، چونکە بەرپرسانی بانکەکە چاوەڕوانی داتای زیاتر دەکەن لەسەر گەورەترین ئابووریی جیهان.

لە راگەیەندراوەکەی بانکەکەدا هاتووە، چالاکییە ئابوورییەکان بە خێراییەکی باش گەشەیان کردووە و رێژەی بێکاریش نیشانەکانی جێگیربوونی تێدا دەرکەوتووە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوو ئەندام دژایەتیی بڕیارەکەیان کرد؛ ستیڤن میران و کریستۆفەر واڵەر کە وەک کاندیدی جێگرەوەی جێڕۆم پاوڵ بۆ سەرۆکایەتی بانکەکە دەبینرێت، هەردووکیان داوای کەمکردنەوەی رێژەی سوودیان بە بڕی 0.25% دەکرد. میران کە لەلایەن ترەمپەوە دانراوە، پێشتریش داوای کەمکردنەوەی زیاتری کردبوو.

بانکی ناوەندی لە سێ کۆبوونەوەی رابردوودا رێژەی سوودی کەم کردبووەوە بەهۆی نیگەرانی لە ساردبوونەوەی بازاڕی کار، بەڵام بەهێزیی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) و مانەوەی هەڵاوسان، وای کردووە جارێ لە کەمکردنەوەی سوود بوەستن، ئەمەش ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ترەمپ قووڵتر دەکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لەو کاتەوەی ساڵێکە بووەتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فشارەکانی بۆ سەر بانکەکە توندتر کردووەتەوە، تەنانەت هەوڵی دەرکردنی لیزا کووکی ئەندامی دەستەی پارێزگارانی بانکەکە دەدات و ئیدارەکەشی لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر جێڕۆم پاوڵ دەست پێ کردووە بە بیانووی نۆژەنکردنەوەی بارەگای بانکەکە.

جێڕۆم پاوڵ، سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی (بانکی ناوەندیی ئەمەریکا) ڕاشیگەیاند، دۆسیەی دادگای باڵا سەبارەت بە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەرکردنی ئەندامێکی دەستەی پارێزگارانی بانکەکە، ڕەنگە گرنگترین ئاڵنگاریی یاسایی بێت کە تا ئێستا بانکەکە ڕووبەڕووی بووبێتەوە.

پاوڵ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هۆکاری ئامادەبوونی لە دانیشتنی دادگای ڕۆژی 21ی کانوونی دووەم، کە تایبەت بوو بە هەوڵی ترەمپ بۆ دەرکردنی لیزا کووک، گوتی: پێم وایە ئەو دۆسیەیە ڕەنگە گرنگترین دۆسیەی یاسایی بێت لە مێژووی 113 ساڵەی یەدەگی فیدراڵیدا.

پاوڵ، کە پێشتریش لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی دادی ئیدارەکەی ترەمپی لە دژی بانکەکە بە پاڵنەری سیاسی وەسف کردبوو، ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر قسەکانی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە بدات، کە ڕەخنەی لە ئامادەبوونی پاوڵ لە دانیشتنەکەی دادگا گرتووە.

رۆژی چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، بانکی ناوەندیی ئەمەریکا (فیدراڵی) لە کۆبوونەوەیەکدا، رێژەی سوودی بانکی بە بڕی 25 خاڵی بنەڕەتی کەم کردەوە. بەمەش رێژەی سوود گەیشتە نێوان 3.50% بۆ 3.75%، کە ئەمە نزمترین ئاستە لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵی ڕابردوودا.

چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانکی یەدەگی فیدراڵی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، داڕێژەڕانی سیاسەت بە 10 دەنگ بەرانبەر 2 دەنگ بڕیاریان دا ڕێژەی سوو لە %4.00 و بۆ 3.75% دابەزێنن.

چوارشەممە 17ـی ئەیلوولی 2025، بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا رێژەی سوودی سەرەکیی بە 25 خاڵی بنەڕەتی 0.25% کەمکردەوە و لە  4.25% بۆ 4.0%. هەروەها، بەرپرسانی بانکەکە ئاماژەیان بە ئەگەری دابەزاندنی دیکە پێش کۆتایی ئەمساڵ کردبوو، هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی هەلی کار و مەترسییەکانی زیادبوونی هەڵاوسان گەڕاندبووە