زاخۆ و باتیفا خۆیان بۆ وەرزی گەشتوگوزار ئامادە دەکەن

پاش زستانێکی سەخت و بارینێکی زۆری بەفر و باران، ئێستا خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و قەزای باتیفا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی شوێنەکانیانن بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بکەن.

لە گوندی "بانکێ" سەر بە قەزای باتیفا ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردووە. خورشید خالید، خاوەنی شوێنێکی گەشتیاری، بە کوردستان 24ی راگەیاند، "بەهۆی ساردیی ئاوەکەی و پاکیی کەشوهەوای گوندەکەمان، ساڵانە خەڵک و گەشتیارێکی زۆر روو لەم ناوچەیە دەکەن. ئێمە لێرە نزیکەی 30 بۆ 40 کانیی ئاوی سروشتیمان هەیە و بوونەتە هۆی راکێشانی سەرنجی گەشتیاران".

سەرەڕای جوانیی سروشتەکەی و خواستی زۆری گەشتیاران، شەپۆلەکانی بارانبارین و لافاوی ئەم زستانە زیانی بە بەشێک لەم ناوچانە گەیاندووە و دروستبوونی لافاو بووەتە هۆی رووخانی چەندین پرد و کەپری گەشتیاری. 

لەم بارەیەوە زوبەیر سندی، خاوەنی هاوینەهەوارێک، ئاماژەی بەوە دا، دانیشتووان و خاوەن کارەکانی ناوچەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکوومەت دەکەن هاوکارییان بکەن لە دروستکردنەوەی پردەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەو پێیەی ناوچەکە تایبەتمەندییەکی گەشتیاریی گرنگی هەیە.

لەلایەکی دیکەوە گەنجان و خاوەن شوێنەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی مەلەوانگە و حەوزەکانن. شاهین خورشید، خاوەنی هاوینەهەوارێک، روونی کردەوە، تەواوی ئامادەکارییەکان کراون بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی شارەکان بەتایبەت گەشتیارانی زاخۆ، دهۆک و سێمێل، هەروەها چەندین حەوز و مەلەوانگەیان بە قەبارەی جیاواز پاک کردووەتەوە و ئامادەیان کردوون.

لایەنی فەرمیش لەسەر هێڵە بۆ سەرخستنی وەرزی گەشتیاریی ئەمساڵ. بێوار عومەر، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆ، راگەیاند، ئەوان ئامادەکاریی پێویستیان کردووە و هەماهەنگییەکی پتەویان لەگەڵ خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان هەیە بۆ ئەوەی ئەمساڵ باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە سەردانیکەران بکرێت.

بەپێی ئامارەکان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نزیکەی 30 هاوینەهەوار و زیاتر لە 7 پارکی گەورە و 3 پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری هەن و هەموویان کراوەن بە رووی گەشتیاراندا. هاوینەهەوارەکانی زاخۆ و باتیفا بە پەناگەیەکی ئارام دادەنرێن بۆ هەڵاتن لە گەرمای هاوین، گەشتیاران دەتوانن بە درێژایی 24 کاتژمێر لە شەو و رۆژدا لە کەشێکی ئارام و پارێزراودا کاتەکانیان لەو ناوچە دڵڕفێنانە بەسەر ببرن.