شۆڕشی سپی لە دهۆک؛ بەرهەمی ساڵانەی شیر 55 ملیۆن لیتری تێپەڕاندووە

لە شارۆچکەی شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، کێڵگەیەکی پێشکەوتووی بەخێوکردنی مانگا بووەتە نموونەیەکی دیاری بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ. ئەم پڕۆژەیە زیاتر لە 300 مانگا لەخۆدەگرێت و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بەڕێوەدەبرێت.

کێڵگەکە لە هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێناندا، لە پاککردنەوە و ئالیکپێدانەوە تا دەگاتە سیستەمی شیردۆشینی ئۆتۆماتیکی، سوود لە نوێترین تەکنەلۆژیا وەردەگرێت. ئەمەش دڵنیایی دەدات لە بەرهەمهێنانی شیرێکی تەندروست و بە کوالێتیی بەرز.

جەمال حەمید، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە گوتی: "ئەم پڕۆژەیە 300 سەر مانگای هەیە و ساڵی رابردوو دەستمان پێکردووە. رۆژانە نزیکەی سێ تۆن شیر بەرهەم دەهێنین بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ. رێککەوتنمان (گرێبەست) لەگەڵ کۆمپانیای 'زۆزک' هەیە، شیرەکەمان لێوەردەگرن بۆ دروستکردنی ماست، پەنیر و بەرهەمەکانی دیکەی شیرەمەنی."

ئەو سەرپەرشتیارە ئاماژەی بەوەش دا، سێ جۆر مانگای بەناوبانگی ئەوروپایان هەیە، لەوانە فریزیان، سیمینتاڵ و براون سویسی سویسری، بەهۆی بەرزیی رێژەی بەرهەمی شیرەکانیانەوە هەڵبژێردراون.

لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک، 19 پڕۆژەی هاوشێوەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی بوونیان هەیە. ئەم پڕۆژانە ساڵانە بەکۆمەڵ نزیکەی 55 ملیۆن لیتر شیر بەرهەم دەهێنن و بەمەش نزیکەی 60% بۆ 65%ی پێداویستییەکانی پارێزگاکە دابین دەکەن.

رێدیر سدقی، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە دهۆک، جەختی لەسەر گەشەی کەرتەکە کردەوە و گوتی: "دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ دراوە. ئەم بایەخپێدانە لە رێگەی دامەزراندنی چەندان پڕۆژەی ستراتیژی و گەورەی سامانی ئاژەڵ لە پارێزگای دهۆک و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان رەنگی داوەتەوە."

بایەخپێدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، بەشێکە لە ستراتیژی گەورەتری حکوومەت بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە نەوت. 

لەم چوارچێوەیەدا، حکوومەت کارئاسانیی زۆری بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی کردووە و هانیان دەدات وەبەرهێنان لە بواری ئاسایشی خۆراکدا بکەن. ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا، جگە لە پڕکردنەوەی بەشێکی زۆری پێداویستیی ناوخۆ، دەست بە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی وەک هەنار، هەنگوین و پەتاتە بکات بۆ بازاڕەکانی کەنداو و ئەوروپا، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێم.