لێكهوتهكانی بڕیاری گواستنهوهی زیندانییانی داعش بۆ عێراق
بڕیاری گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ عێراق، بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، کاریگەری لەسەر بارودۆخی مووسڵ دەبێت و بەتایبەت لایەنی وەبەرهێنان.
ئەحمەد کەنعان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە کوردستان24ـی راگەیاند: گواستنەوەی حەوت هەزار چەکداری داعش یەکجار زۆرە و کۆنترۆڵکردن و ئیدارەدانیان لەلایەن حکوومەتەوە زۆر قورسە، حەوت هەزار چەکدا، واتە حەوت هەزار بۆمب لەناو شار هەن، بەداخەوە نەدەبوو وابێت و پێویستبوو چارەسەرێکی دیکە هەبا.
هەروەها گوتی: ترسێکی زۆر لەلای وەبەرهێنەرەکان دروست دەکات، چونکە وەبەرهێنەرەکان لە دەرەوەی موسڵن، ئەمەش دەبێتە هۆی کاریگەری لەسەر وەبەرهێنان لەو پارێزگایە.
ماجید عەباس، شارەزای ئابووری بە کوردستان24ـی گوت: گواستنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی چەکدارەکان ترسێکی زۆر هەیە لەسەر ئابووری ئەو پارێزگایە دروست دەکات، لە کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی، وەبەرهێنان، تەنانەت کاریگەری لەسەر پەروەردە و تەندروستیش دروست دەکات، چونکە چەند جارێک ئەزموونمان لەگەڵی هەبووە.
هەبوونی کەمپی جەدعەی خێزانەکانی داعش لە باشووری مووسڵ یەکێک لە بەربەستەکان لە بەردەم وەبەرهێنانن لەو شارە، چونکە وەبەرهێنەرەکان متمانەیان نییە.