ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: داڕمانی دارایی هەڕەشەی لەناوچوون لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریی دا لە مەترسیی داڕمانێکی دارایی نزیک کە رەنگە رووبەڕووی رێکخراوەکە ببێتەوە، ئەگەر وڵاتانی ئەندام بەردەوام بن لە دواخستنی پێدانی بەشدارییە داراییەکانیان بە رێکخراوەکە.
یەکشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند،"رێکخراوەکە رووبەڕووی کارەساتێکی نزیک لە داڕمان دەبێتەوە ئەگەر دواکەوتنی دانەوەی پابەندییە داراییەکان بەردەوام بێت"، ئاماژەی بەوەش کردووە،" ئەو قەرزانەی لەسەر وڵاتانی ئەندام بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە گەیشتووەتە 106 ملیار دۆلار.
جەختیشی کردەوە، "قەیرانەکە قووڵتر دەبێتەوە و بارودۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی نالەبار دەچێت، ئەگەر وڵاتانی ئەندام پابەند نەبن بە پێدانی ئەو پشکەی لەسەریان دیاریکراوە بۆ سەڵسوڕاندنی کاروبارەکانی رێکخراوەکە".
لای خۆیانەوە میدیا بیانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کێشەکان کاتێک دەستیان پێکرد؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە گەورەترین دابینکاری دارایی رێکخراوەکەیە، کشانەوەی خۆی لە خولی 31ـی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند.