گەنجێک لەسەر هاوسەرەکەی، سکاڵا لەدژی بەشێکی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی تۆمار دەکات

گه‌نجه‌كه‌: هاوسه‌ره‌كه‌میان بێهۆش کردووە و هەڕەشەیان لێکردووە لێمجیاببێتەوە

ئەرکان و هاوسەرەکەی
ئەرکان و هاوسەرەکەی

K24 – هەولێر

دوای ونبوونی هاوسەرەکەی بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک، گەنجێکی هەولێر سکاڵای یاسایی لەدژی دایک، خوشک، برا و زاوای تۆماردەکات و تۆمەتباریان دەکات بە هەڕەشەکردن و رفاندنی هاوژینەکەی.

پێشتر کوردستان24 چیرۆکی ئەو گەنجە تەمەن 19 ساڵەی بڵاوکردەوە، کە دوای 13 رۆژ لە ونبوونی، هانای هێنابووە بەر کوردستان24، بۆ ئەوەی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکەی، سەرەداوێکی دەستبکەوێت و هاوسەرەکەی بدۆزێتەوە.

ئەرکان دوێنێ (20-12-2020) لە بنکەی منارە سکاڵای لەسەر بەشێکی ئەندامانی خێزانەکەی تۆمار کردووە. ئەو دەڵێ بەڵگەم هەیە ژنێك هاوسەرەکەمی بێهۆش کردووە و شاردوویەتەوە و پێیدەڵێن لێی جیاببەوە. هەروەها دەڵێ "نازانم هۆکاری دژایەتییەکە چییە، ئەوەندە نەبێت ماڵی باوکم و ماڵی خەزوورم نێوانیان زۆر خراپە".

سەبارەت بە سکاڵاکەی لەدژی ئه‌و ژنه‌، کە کەسێکی دیاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەرکان دەڵێ "بەهۆی ئەوەی پێشتر کێشەی خێزانیمان لەگەڵی هەبووە و دواتر ئاشتبووینەوە و بووینە ناسیاو، ئێمە ئه‌و ژنه‌ دەناسین. سەرەتا خزمێکی نزیکمان دەیگوت دایکم گوتوویەتی هاوسەرەکەم لە ماڵی ئه‌و ژنه‌یه‌، بەڵام دواتر چوومە ماڵیان و ژنه‌كه‌ خۆی توڕەکرد و گوتی لێرە نییە، ئیدی وازمهێنا، پاشان بەڵگەی دیکەم لەدژی دەستکەوت بۆیە سکاڵام لەدژی ئەویش تۆمارکرد".

هاوسەرەکەی ئەرکان ناوی ئەسمەهانە و بەمڕۆوە 25 رۆژە ونە. هەرچەندە تەمەنی تەنیا 22 ساڵە، بەڵام ناخۆشیی زۆری بینیوە.

پێشتر باوکی ئەرکان، قسەی بۆ کوردستان24 کردووە. ئەو، گوتبووی "ئەرکان سێ ساڵە لەگەڵ ئەو کچە هاوسەرگیری کردووە، "ئەو و ئەرکان یەکتریان خۆشدەویست و بووکەکەم دەستپاکترین ژنە و تائێستا یەک هەڵەمان لێی نەبینیوە".

ئەرکان لە سکاڵاکەیدا دەڵێ "سکاڵالێکراوان هاوسەرەکەمیان بە هەڕەشەلێکردن بردووە و ئێستا خێزانەکەم لەلای سکاڵالێکراوانە، ئەوان بێهۆشیان کردووە و ڤیدیۆی نەشیاویان تۆمار کردووە، هەڕەشەی ئەوەشم لێدەکەن دەبێت لە خێزانەکەم جیاببمەوە، هەروەها هەڕەشەیان لە هاوسه‌ره‌كه‌شم کردووە لێم جیاببێتەوە".

لە سکاڵاکەی ئەرکاندا هەروەها هاتووە، بەڵگەی هەیە ئەوان هاوسەرەکەیان بێهۆش کردووە. ئەو بەڵگەیەی باسی دەکات گرتەیەکی ڤیدیۆییە کە بۆ کوردستان24ـیشی ناردووە، تێیدا هاوسەرەکەی دەردەکەوێت کاتێک لەڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە قسە لەگەڵ ئەرکان دەکات، بەڵام پێدەچێت بێهۆش بێت و ناتوانێت بەتەواوەتی بووەستێت.

ئەرکان و ئه‌سمه‌هان خەڵکی هەولێرن، بەڵام لە سلێمانی دەژیان، کاتێک مانگی رابردوو لە بازاڕی هەولێر بوون، ئەسمەهان مۆبایلەکەی ئەرکانی پێبووە و دیارنەماوە.

فەیسبووکەکەی ئەرکان لەسەر مۆبایلەکەی کراوەیە، بۆیە چەندجارێک لەڕێگەی ئەو فەیسبووکەوە پەیوەندی بە ئەرکانەوە کراوە. ئەو دەڵێ "هەشت جار نامەی بۆ ناردووم کە دووانیان دەنگین، بەڵام دڵنیام بەزۆر پێیدەکەن، من ئەگەر لە هاوسەرەکەی خۆم دڵنیانەبم، ئەوەی بۆ ناکەم و ئەوەندە بەدوایدا ناگەڕێم".

ئەرکانی تەمەن 19 ساڵ، دەڵێ بە خۆشەویستی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەسمەهاندا کردووە "هیچ گومانێکم لێی نییە، چونکە پێش هاوسەرگیرییەکە لێکۆڵینەوەی زۆرم لەسەر کرد و بەتەواوی متمانەم پێی هەیە".

ئەو گەنجە بەهۆی گەڕان بەدوای هاوسەرەکەی بەگوتەی خۆی هەموو ماڵەکەی و ئۆتۆمبێلەکەی فرۆشتووە، لە هەرکوێیەک دەنگۆیەک هەبووبێت یان کەسێکی ناسیبێت بۆی چووە تاوەکو بەدوایدا بگەڕێت لەوانە "هەموو هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کۆیە، سۆران، دیانا، شەقڵاوە، زاخۆ و ئاکرێ''.

خێزانەکەم هەڵاتوون

رۆژێک پێش ئەوەی سکاڵا تۆماربکات، خێزانەکەی ئەرکان لەگەڵ خوشکەکەی و هاوسەرەکەی کە هەموویان لە یەک ماڵدا دەژیان، "هەڵاتوون" و. ئەرکان ئاماژە بەوە دەکات "ئێستا تەنیا من لەو ماڵەدام و ئەوان لە ماڵ نەماون و هەڵاتوون".

ئەوەی گومانەکانی لای ئەو گەنجە زیاتر کردووە، قسەی هاوڕێیەکییەتی، دەڵێ "لە گەڕەکەکەمان چەند مانگێکە خانوویەک چۆڵە، گومان دەکەم و بەڵگەشم لایە لەوێ بێهۆشیان کردوون".

لە کۆتاییدا ئەرکان داوا لە سەرجەم لایەنە بەرپرسەکان دەکات لە هەولێر، بەدەم سکاڵاکانییەوە بچن و یارمەتیی بدەن لە شادبوونەوە بە هاوسەرەکەی.