تورکیا دوو سیخوڕی 'مۆساد'ی دەستگیر کرد، یەکێکیان بە رەچەڵەک فەڵەستینییە
دەزگای هەواڵگریی تورکیا 'میت' لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، دوو کەسی دەستگیر کرد کە سیخوڕییان بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل 'مۆساد' کردووە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا، دوێنێ هەینی، 6ـی شوباتی 2026، رایانگەیاند "لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ و بەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاوڵاتییەکی تورک بە ناوی 'محەممەد بوداک دەریا' و فەڵەستینییەک کە هەڵگری رەگەزنامەی تورکییە، بە ناوی 'فەیسەڵ کەریم ئۆغڵو' دەستگیر کران، پاش ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیاوە چاودێری کرابوون.
سەرچاوەکان، ئاماژەیان بەوە دا، ئەو دوو کەسە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەژێر پەردەی بازرگانیدا زانیارییان پێشکەش 'مۆساد' کردووە و لە وڵاتێکی سێیەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دەزگایەدا کردووە و پلانیان هەبووە لە رێگەی دروستکردنی کۆمپانیای وەهمییەوە دزە بکەنە ناو دام و دەزگا دەوڵەتییەکانی تورکیاوە.
بە گوێرەی سەرچاوە هەوڵگرییەکانی تورکیا، دەستگیرکردنی ئەو دوو سیخوڕە، رێگری کرد لەوەی 'مۆساد' بتوانێت بنکەیەکی نهێنیی کاریگەر، لە تورکیا دابمەزرێنێت و تۆڕێکی سیخوڕیی چالاک لەو وڵاتە دروست بکات.
دەستگیرکراوەکان، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە 'محەممەد بوداک دەریا' کە ئەندازیاری کانزایە، کاتێک ساڵی 2005 کانێکی مەڕمەڕی لە شارۆچکەی سیلیفکەی سەر بە شاری مێرسین لە باشووری تورکیا کردەوە، سەرنجی 'مۆساد'ی راکێشاوە و یەکەم پەیوەندی لە رێگەی کەسێکەوە بە ناوی 'عەلی ئەحمەد یاسین' بووە کە لە ئەیلوولی 2012 سەردانی ئۆفیسەکەی کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، یاسین، کە کۆمپانیایەکی وەهمیی ئیسرائیلی بەڕێوە دەبرد، لە کانوونی دووەمی ،2013 دەریای بانگهێشت کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی کار لە ئەورووپا، لەوێ، بۆ یەکەمجار، لەگەڵ ئەندامانی 'مۆساد' کۆدەبێتەوە و گفتوگۆیان کردووە.
مۆساد، سیستەمی پەیوەندیی کۆدداری بۆ بوداک دەریا دابین کردووە و دوو جار پشکنینی راستگۆیی (Polygraph) بۆ کراوە؛ یەکێکیان ساڵی 2016 لە وڵاتێکی ئاسیایی و ئەوی دیکەیان لە ئابی 2024 لە ئوتێلێک لە ئەورووپا. دوای دەرچوونی لە پشکنینەکان، ئۆپەراسیۆنەکە چووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، کە تێیدا وێنەی ژمارە زنجیرەییەکان (Serial Numbers)، ناونیشانی کۆمپیوتەرەکان (MAC addresses) و زانیاریی تەکنیکیی سیمکارت و ئامێرەکانی مۆدێم و راوتەری کە لە تورکیا و وڵاتانی دیکە دەستی کەوتووە، بۆ 'مۆساد' ناردووە.
دەریا، پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست, لە رێگەی فەیسەڵ کەریم ئۆغڵوەوە فراوان کردووە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بازرگانیی لەگەڵ ئەو فەڵەستینییانە بەستووە کە دژی سیاسەتەکانی ئیسرائیلن و دواتر، زانیاریی وردی دەربارەیان داوە بە مۆساد.
لێکۆڵینەوەکان، هەروا ئاشکرایان کردووە، ئەو دوو تۆمەتبارە، هاوکاریی 'مۆساد'یان کردووە بۆ کوشتنی ئەندازیاری تونسی 'محەممەد زەواری' لە کانوونی یەکەمی 2016.
لە ماوەی رابردوودا ،دەزگای هەواڵگری و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا زنجیرەیەک گورزیان لە سیخورانی 'مۆساد' لە تورکیا وەشاندووە. لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هەواڵگری و بەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبوڵ و داواکاری گشتی، کەسێک بەناوی 'سەرکان چیچەک' بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ مۆساد، دەستگیر کرا، دواتر راگەیەنرا ئەو کەسە هاووڵاتییەکەی تورکە و ناوی راستەقینەی 'محەممەد فاتیح کەلاش'ـە
لە 5ـی نیسانی 2025، هەر لە ئیستانبول، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دیکەدا، هەشت کەس دەستگیرکران بە تۆمەتی کۆکردنەوە و ناردنی زانیاری دەربارەی کەس و کۆمپانیا تورکییەکان، بۆ مۆساد.