ئاڤان عومەر: هونەر تاکە بوارێکە کە توانیومە تێیدا بە ئازادانە کار بکەم و بیر بکەمەوە
ئاڤان عومەر، نووسەر و شێوەکار، لەم چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی کارە هونەرییەکانی خۆی و باس لە نوێترین پرۆژەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: ئێستا لەگەڵ دوو هونەرمەندی تری بیانی، سەرقاڵی نمایشکم لە شاری ئوترێخت، واتە نمایشێکی هاوبەشە، لێرەدا من بە چەند کارێکی خۆم و لە نێوانیاندا پرۆژەی 'سفر هونەر' بەشداری دەکەم.
باسێکی ئەزموونی خۆت لەبواری هونەری و نووسیندا بکە
بەهۆی ئەوەی خێزانەکەم خۆشنووس و وێنەکێشی زۆری تێدا بووە و هەمیشە شێوەکاری و هونەر بابەتێکی زیندوو بووە لەلامان، من هەر لە منداڵییەوە بەردەوام وێنەم کێشاوە و لەو بوارەدا بەپێی تەمەنی خۆم باش بووم و لە چالاکی قوتابخانەکاندا پێشانگەی تایبەتیم بۆ دەکرایەوە.
پاش تەواوکردنی ئامادەیی، بە تامەزرۆییەوە چوومە کۆلێژی هونەر، لە ساڵی 2009 وڵاتم جێهێشت و لەوکاتەوە تا ئێستا لە هۆڵەندا دەژیم؛ دوای جێگیربوونم، لێرەیش دەستم کرد بە خوێندن لە 'ئەنیستیتووتی هونەری هۆڵەندی لە ئارنهێم' لەوێ، ساڵی 2017 بڕوانامەی ماستەرم بەدەست هێنا. ئێستا وەک هونەرمەندێکی سەربەخۆ پرۆژە و کاری هونەری دەکەم.
من لە سەرەتای 2000 تا ئێستا بەردەوام بە چالاکی لەناوەندی هونەردا وەک هونەرمەند کارم کردووە، خۆم بە هونەرمەندێکی شێوەکار دەزانم نەک نوسەر. ڕاستە هەوڵی نووسینم هەیە، ئەوەش بە پێی پێوستی کارەکەم و ناوەندی هونەری شێوەکاری بووە.. سەرەتا لە ساڵانی 2006 چەند تێکستێکی ئینگلیزیم بۆ کوردی ئامادە کردووە دەربارەی هونەرمەندان و شێوازی جیاوازی کارکردنی هونەریم لە جیهاندا پیشان دەدا، ئەوەیش پێویستی خۆم بوو بۆ ئاشنابوون بە هونەرمەندان و کارکردنی جیهانی. بەڵام پێمخۆش بوو ئەم زانیاریانە بەش بکەم لەگەڵ ئەوانەی وەک من پێویستیان بەمانە هەیە؛ بۆیە رێکم دەخست و بڵاوم دەکردەوە. پاشان چەند تێکستێکم دەربارەی 'پرسی ئەویتر بوون لە چاوی پیاوی سپی و کۆلۆنیاڵەوە' بڵاو کردەوە، کە ئەوەیش لێکۆڵینەوەیەکی خۆم بوو کە دەربارەی وێنەی چەسپاو کردم بە ئنگلیزی ستریۆتایپ. پاشان پرۆژەی سفر هونەر، ئێستا لە دوو بەرگدا چاپ کراوە و وەک کاری نووسینی من دەردەکەوێت.
هەڵبەت من خۆم بە تەنیا هەموو دارشتنی گفتوگۆ و هەڵبژاردنی هونەرمەندان و پاشان نوسینەوەی گفتوگۆکانم کردووە، چونکە خۆیان دەنگ بوون، ئەم پرۆژەیە بۆ من لێکۆڵینەوەیە و یەکێکە لە پرۆژە هونەریەکانم؛ هەر بۆیە نووسین پێویستیەک بوو بۆ بنیاتنانی ئەم پرۆژەیە کە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و کۆکردنەوەی ئەرشیفە، هاوکات دوو کورتە چیرۆکم بڵاو کردۆتەوە کە ئەوەیش نووسینە، بەڵام بەشێوەیەکی بینراو کارم تێدا کردووە، واتە من هەستم کردووە کە شتەکان لە چواردەورمدایە و بینیومە و تەنیا نووسینەوە و ڕێکخستنم بۆ کردووە، ئەو کورتە چیرۆکانەیش دەربارەی جەستەیە.
تۆ هونەری وێنەکێشانت تەواو کردووە، بۆچی زۆر لەو بوارە کار ناکەیت؟
لە کۆلێژی هونەر، فێری تەکنیکەکانی وێنەکێشان بووم بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی، بەڵام دەتوانم بڵێم، زیاتر لە ژینگە هونەریەکەی دەرەوەی کۆلێژدا ئاشنای هونەر بووم. هەر بۆیە راستە من بەشی وێنەکێشانم تەواوکردووە، بەڵام لە دوای تەواوکردنی خوێندنەکەمەوە بە وێنەکێشان کارم نەکردووە، لەوکاتەوە تا ئێستا هەر بە میدیا جیاوازەکانی تر وەک؛ پێرفۆمانس، ڤیدۆئارت و ئینستەلەیشن ئیشی هونەری دەکەم. ئەو شێوازانە لەکارکردن زیاتر لەگەڵ بیرۆکەی ئیشکردنەکانی مندا گونجاون.
کاتێک من دەستم بە کارکردن کرد، درکم بەوەکرد کە کۆمەڵگە و خێزان و وڵاتەکە بەگشتی چەند بواری ژنیان سنووردار کردووە، ئەوکات چونەدەرەوەی ئێمە وەک ژن زۆر سنورداربوو و زیاتر بۆ پێداویستەکانمان بوو، ئێستا کەمێک باشترە، بۆیە درکم بەوە کرد کە جەستەی خۆم ماتریاڵی کارکردنمە، دەبێت بە بوونی جەستەی خۆم لە ناوەندەکەدا کار بکەم نەک لەماڵەوە تابلۆ بکێشم و ساڵی جارێک لە هۆڵێکدا پیشانی بدەم، ئەوە تەنیا بۆ من بەس نەبوو، بۆیە لەو سەرەتایەوە بەزنجیرە کارێکی پێرفۆرمانس دەستم پێکرد کە بەجەستەی خۆم لەگەڵ شتومەکەکانی چواردەورمدا کارم کردووە، بەڕاستی لەوکاتەدا کوردستان بە دۆخێکی جیاوازدا گوزەری کرد، کە دوای رووخانی ڕژێمی سەدام بوو، بۆیە کرانەوەیەک بە شێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ جیهاندا دروست بوو، کە وایکرد رەخنە و پرسیار و گفتوگۆ هونەرییە جیهانیەکانیش لە کوردستاندا دروست ببێت، ئێمەیش سودمەند ببین. ئەگەر بتوانم بڵێم جیهانی بیربکەینەوە، وەک گەنجێک لەوکاتەدا، لە ماوەی خوێندنمدا هەر زوو لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێم کە ئەوان هەموو لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانەوە هاتبوون، کەوتینە گفتوگۆ، ئێمە بیرکردنەوە لە ئاڕاستە جیاوازەکان کۆمانی کردبووەوە، چەند پرۆژە و کارێکمان کرد کە جیاوازبوون لەو کارکردنە ناسراوەی ئەوکات لە کوردستان کاری پێ دەکرا کە زیاتر وێنەکێشان و پەیکەر بوو بە شێوازە باوەکەی.
باسێکی پرۆژەی 'سفر هونەری و ئەو مرۆڤانە کار دەکەن' بکە
ئەو دوو پرۆژەیە، دوو پرۆژەی گەورەی منە کە لە ساڵی 2020 کاریان تێدا دەکەم، لە باشووری کوردستان و لە هۆڵەنداش، پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن دەربارەی ناسنامەی کارە، چەندین هونەرمەند بە بیرۆکەی جیاواز لەم پرۆژەیەدا لە کوردستان کاریان نمایش کردووە و بەشداربوون، چەند نووسەر و بیرمەندێکیش بە نووسین و سیناریۆ دەربارەی کۆنسێپی پرۆژەکە بەشداریان کردووە بە باس و پرسی جیاواز، بۆیە پرۆژەیەکی گەورەیە، من وەک رێکخەر و هونەرمەند کاری تێدا دەکەم. لە کوردستان زنجیرەیەک نمایشم رێکخست لە هۆڵی جیاواز و یەک بەدوای یەک لە کاتی جیاوازدا نمایش کران. ئەم جارە لە هۆڵەندا، لەگەڵ کەسانێک کە مەرج نەبوو هونەرمەند و نووسەر بن، هەموو کەسێک دەیتوانی بەشداربێت کارمان تێدا کرد و پاشان کارەکانیان نمایش کرا. بەڵام 'سفر هونەر' پرۆژەیەکە دەربارەی هونەری شێوەکاری لەباشوری کوردستان لە ساڵی 1990 تا 2010، لەو دوو دەیەیەی کە کوردستان بە دۆخێکی زۆر جیاوازی ئابووری و سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا گوزەری کرد، پرۆژەکە لە ڕێگەی گفتوگۆوە بنیات نراوە، چەندین هونەرمەند و چەند نوسەرێکیشـم بانگهێشت کردووە و لە گفتوگۆی رەخنەگرانەدا چەندین بابەت و پرسی گرنگی مێژوویی و هونەری و کەسی و ناوەندی هونەری تاوتوێ کراوە، هاوکات پرۆژەکە لە رێگەی کۆکردنەوەی دۆکیۆمێنت و ئەرشیفی کاری هونەرمەندان و گفتوگۆی چەندین هونەرمەند لە نەوە و ئاستی جیاواز توانیویەتی دیدگایەکی تایبەت و نزیک بوونەوەی باش دروست بکات.
خاوەنی چەند کتێبی لەبواری هونەریدا؟
تەنیا کتێبەکانی سفر هونەر، کە ئەویش یەک پرۆژەیە، بەڵام لە دووبەرگدا بە قەبارەی نزیکەی 600 لاپەرەدا چاپکراون و بڵاو کراوەتەوە، ئێستا لە بەردەست خوێنەران و ئارەزوومەندانی هونەردایە، پار یەکێک لە پرۆژەکانم کە لەگەڵ خەڵک ئەنجامی دەدەم سەرەنجام لە نامیلکەیەکی بچوکدا چاپ کرا بەناوی 'تام و چێژەکانی سەربەخۆت'، کە پرۆژەیەکی خۆم بوو لە رێگەی خواردن و یادەوەریەوە کردوومە؛ بەڵام لە بڵاوکراوەی تردا وەک چاپتەر بەشداریم کردووە، بۆ نموونە لە کتێبی ئینلاند، کە 16 هونەرمەند بەشداربووین، هەریەکەمان چاپەرێکمان هەبوو، من لێرەدا دەربارەی پرسی جەستە، جەستەی ژنی کورد لە لادێ و شاخ و شار بەشداریم کردووە و بە ئینگلیزیە.

چەندان تابلۆت لە 'خوری' دروست کردووە، باسی تایبەتمەندی ئەو تابلۆیانە بکە
من بە مەتریاڵی جیاواز کاردەکەم، قوماش و خوریش بەشێکن لەو مەتریاڵانە، وەک ئەوەی تابلۆم بەخوری وەک کاری هونەری خۆم دروست کردبێت و نمایش کردبێت، ئەوە نییە، من لێرە وەک هونەرمەندی سەربەخۆ کار دەکەم، وۆرکشۆپ بنیات دەنێم لەگەڵ کەسانێک کاردەکەم کە لەبواری هونەریدا کار ناکەن. خوری و هێماکانی فەرش بۆ من جێگەی سەرنجە. ماوەیەکە ئارەزووی ناسینی ئەو رەنگ و هێمایانە دەکەم کە ژنان لە فەرشدا بەکاریان هێناوە لە مێژووی ئێمەدا، وەک بەشێک لەو لێکۆڵینەوەیەم ئەو وۆرکشۆپانە دەکەم. خوری و رەنگ دەدەم بەو ژنانە کا کاری پێ بکەن، هێما بنیات بنێن، هێمایەک کە پەیوەست بێت بەو رۆژگارەوە، ئایا چی دروست دەبێت؟ ئەوە بۆ من گرنگە، یاخود وێنەی کەسی خۆیان بە خوری بکێشن و دەربارەی ناسنامە کار بکەین، چەندین کۆرسی وام هەبووە، بێگومان لێرەدا فێری تەکنیکەکانی بەکارهێنانی چینیەکەیان دەکەم، پێکەوە هێماکان دەناسین و لەسەر ئەو هێمایانە فۆرمی نوێ دروست دەکەین، لە هەر کۆرسێکدا بابەتێک یان بیرۆکەیەک هەڵدەبژێرم و لەدەوری ئەو بیرۆکەیەدا لەگەڵ بەشداربووان کە زیاتر ژنن لە کولتووری جیاوازەوە بەشدار دەبن کار دەکەم، خۆشم لەوێ لەگەڵ ئەوان تابلۆیەک یان ئیشێک بنیات دەنێم، بەڵام ئەمە هێشتا نابێتە کارێکی هونەری تەواوکراوی نمایشکراو، بەڵكو لێکۆلینەوەیەکە بۆ من.
جەستەی ژن لەنێو تابلۆکانی تۆدا چی دەبەخشێت؟
لە نێو ئیشەکانم و نوسینەکانیشمدا جەستە سەنگی زۆرە، ئیشکردنی من بەگشتی دەربارەی سنوورەکانە، سنووری خۆم لەگەڵ خۆم، لەگەڵ ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژیم و لەگەڵ ئەوانی تردا، هەمیشە لە رێگای پرۆژە و کارە هونەریەکانەوە رەخنەکانم ئاراستە کردووە و هونەر بۆ من تاکە ستەیج بووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەرەوە و ناوەوەی خۆمدا، من وەک ژنێک، وەک کوردێک و دواتر وەک ئەوی تر و پەنابەر، هەمیشە بەر پۆلێنکردنە سیاسی و کولتووری و دینیەکان کەوتووم، جەستە لێرەدا وەک یەکەم بەرکەوتن بە پێکهاتەی بیۆلۆژی و رەنگ و شێوە و هەموو شتەکانیەوە یەکەم بەرکەوتەی لەگەڵ ئەوسنوورانەدا دەبێت، بۆیە رەنگە بابەتەکان کە کارم لەسەر کردووە ئۆتۆبایۆگرافی بێت، بەڵام زیاتر دەربارەی پرسی تاکە لەناو گشتدا، هەوڵم داوە ئەو بابەتە کەسییەی کە خۆم کێشەم هەیە لەگەڵیدا لە چوارچێوەیەکی گەورەتردا بەرجەستەی بکەم، دەربارەی پرسی جێندەر و دەربارەی پرسی ئەوانی تر، Otherness و ستیرۆتایپ چەندین کاری هونەریم کردووە، لێرەدا هەمیشە جەستە سەنگی زۆری هەبووە و ماتریاڵێکی زیندوو و بەهێز بووە بۆ من بۆ کارکردنم.
بە هونەرەکەت و بەو پرۆژانەی ئەنجامی دەدەیت، کاریگەری باشی هەبووە؟
بۆ خۆم هونەر تاکە بوارە کە توانیومە تێیدا ئازادانە کار بکەم، بیربکەمەوە، هەموو ماتریاڵ و پرسەکانی چواردەور و رەخنەکانی تێدا بەرجەستە بکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە کوردستان گرنگی زۆر بەو بوارانە نادرێت و بەتایبەت ئەم سەردەمەی کە تێیدا دەژین سەردەمی دەرکەوتنە خێراکان و شتە رووکەشیەکانە زیاتر، رەنگە نەتوانم لە چوارچێوەیەکدا و زۆر بەسانایی بڵێم کە بۆ ئەوانی تر لە ئێستادا ئەم پرۆژانە گرنگی چییە.
پرۆژەی نوێت چی دەبێت؟
لە ئێستادا سەرقاڵم بە نمایشکردنێک لە هۆڵەندا لە شاری ئوترێخت، لەگەڵ دوو هونەرمەندی تری بیانی، واتە نمایشێکی هاوبەشە، لێرەدا من بە چەند کارێکی خۆم و لە نێوانیاندا پرۆژەی "سفر هونەر" بەشداری دەکەم، پاشان سەرقاڵم بە ناساندنی پرۆژەی "سفر هونەر" لە ئەورووپا، هاوکات هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە بکەمە ئینگلیزی.
ئاڤان عومەر، نووسەر و شێوەکار، لەسلێمانی لەدایک بووە و ئێستا دانیشتووی هۆڵەندایە، ساڵی 2004، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەشی شێوەکاری تەواو کردووە. لەبواری شێوەکاری و نووسیندا خاوەنی چەندین پرۆژەیە.