نەوت و کانزاکانی هەولێر: فرۆشتنی بەنزین بە جلیکان لەسەر شەقام قەدەغەیە

لێپرسراوی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لە هەولێر رۆژانە 504 هەزار لیتر بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە ملیۆنێک لیتر بەنزین هەیە بۆ پێداویستی ناوخۆ.

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، سالار محەمەد، لێپرسراوی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر بڕیار درا بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی بەنزین بە جلیکان لەسەر شەقامەکان، ئەمەش دوای ئەوەی هات بەشێک لەو کەسانە بەناوی بەنزینی موسڵ و ناوچەکانی دیکە بەنزینی خراپیان دەفرۆشت.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، بەشێکی دیکە لەو کەسانەی بەنزینیان لە پاڵاوگە نایاساییەکانەوە دەهێنا، بۆیە لیژنەکانی قایمقامیەت هەموو ئەو کەسانە ئاگادار دەکەنەوە کە بەبێ مۆڵەت بەنزین دەفرۆشن.

باسی لەوەش کرد، ئێستا لە هەولێر رۆژانە 504 هەزار لیتر بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە ملیۆنێک لیتر بەنزین هەیە بۆ پێداویستی ناوخۆ.

سالار محەممەد، جەخت لەوە دەکاتەوە، لە ئەگەری سەقامگیربوونی بارودۆخی ناوچەکە نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێت.