ئەردۆغان، وەزیرەکانی ناوخۆ و دادی تورکیای لە پۆستەکانیان دوورخستەوە
ئاژانسی فەرمیی تورکیا (ئانادۆڵۆ) بڵاویکردەوە، بە فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی ئەو وڵاتە لە کارەکانیان دوورخرانەوە و لە شوێنی ئەوانیش وەزیری نوێ دەستنیشانکران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە شوێنی عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆ و مستەفا چیفتچی پارێزگاری ئەرزڕۆم وەک وەزیری نوێی ناوخۆ دیاریکراوە. هەروەها لە شوێنی یەلماز تونچ وەزیری داد، ئاکین گورلەک سەرۆک داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ وەک وەزیری نوێی داد دەستنیشانکراوە.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەردوو وەزیرە نوێیەکە لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی بخۆن و بە فەرمی دەستبەکاربن.
لەلایەکی دیکەوە، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ناڕەزایەتی خۆی نیشان دا و رایگەیاند: "بەهۆی رۆڵی وەزیری نوێی داد لە دۆسیە یاساییەکانی دژی (ئەکرەم ئیمامئۆغڵو)، بایکۆتی وەزیری نوێ دەکەین و مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین."