دۆخی بەغدا شڵەژا و كازمی ھاتە سەر شەقام
كازمی ھاتە سەر شەقام
K24 – ھەولێر
بەھۆی ھەڕەشەكانی میلیشیاكانی گرووپی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق لە ئەمەریكا و دەستگیركردنی ژمارەیەك فەرماندەی ئەو گرووپە، دۆخی بەغدا شڵەژا و مستەفا كازمی بۆ دڵنیابوون لە دۆخەكە ھاتە سەر شەقام.
دوای ئەوەی دژەتیرۆری عێراق ژمارەیەك فەرماندەی میلیشیاكانی گرووپی عه‌سائیبی بەتۆمەتی ھێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا دەستگیركرد، چەكدارانی ئەو گرووپە لە گرتە ڤیدیۆییەكدا ھەڕەشەیان لە ئەمەریكا و حكومەتی عێراق كرد، بەمەش گرژی كەوتە نێوان عه‌سائیب و دژەتیرۆر.
شڤان جەباری، پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو مستەفا كازمی بۆ دڵنیابوون لە دۆخی ئەمنی بەغدا ناوچەكانی كەرخ و رەسافەی بەسەركردەوە".
گوتیشی: "یەكێك لە فەرماندەكانی عه‌سائیب كە حوسام زرێجاوی-یە، پێنج رۆژە لەلایەن دەزگای ھەواڵگری عێراق بە تۆمەتی هێرشە مووشەکییەکەی هەفتەی رابردوی سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەستگیركراوە. دوێنێ چەند چەکدارێکی سەر بە عەسائیب بە چەکی قورس و سووکەوە چوونەتە سەر سەربازگەی تاجی بۆ ئازادکردنی، پاش رووبەڕوبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، چەند چەکدارێکیان لێ دەستگیرکراوە، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیب داوای دەستبەجێ ئازادکردنیان دەکات و کازمیش دەڵێت لێکۆڵینەوەی دادگا چارەنووسیان یەکلادەکاتەوە".
مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق له تویتێكدا نووسیویەتی: "ئاسایشی عێراق سپاردەیە لەسه‌ر گەردنمان و مل بۆ سەركێشی و هەنگاوی تاكلایەنە نادەین. بەهێمنی كارمان بۆ گێڕانەوەی متمانەی گەل و دەزگا ئەمنییەكان و سوپا بە دەوڵەت كردووە. هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی وڵات لەسەر كێشی دیكه‌ی بێهوودە داوای هێوركردنەوەمان كردووە، بەڵام ئەگەر پێویست بكات ئامادەی رووبەڕووبوونەوەین".
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەو بابەتە نێوەندگری مستەفا كازمی و قەیس خەزعەلی دەکات، بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکە".
لەلایەكی دیكەوە موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له تویتێکدا دەڵێ: "من، رووی بانگه‌وازه‌كه‌م له كۆماری ئیسلامی ئێرانی دراوسێی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م، عێراق له ململانێكانی به‌دوور بگرێت و له ته‌نگانه‌شدا پشتی تێناكه‌ین، ئه‌گه‌ر رێز له سه‌روه‌ری عێراق و حكومه‌ت و سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی بگرێت".
سه‌در ئه‌مه‌ریكاشی به هێزێكی "داگیركەر" ناوبرد و گوتی: "هۆشداری ده‌ده‌مه لایه‌نی داگیركەر، كه عێراق لایه‌نێك نییه له‌و ململانێیه و ئێستا ئێمه خه‌ریكی بونیادنانه‌وه‌ی عێراقه‌كه‌مانین. ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییه‌مان نه‌درایه‌وه، ئێمه‌ش هه‌ڵوێستێكی سیاسی توندمان بۆ ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه ناپه‌سه‌نده ده‌بێت".
ئاڵۆزییەكانی بەغدا ھاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، كه 3/1/2020 له هێرشی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مەریكی، بە فەرمانی سەرۆک ترەمپ له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كرانه ئامانج، چەند رۆژێك پێش ئێستا گرووپە چەكدارەكان ھەڕەشەی تۆڵەیان لە ھێزەكانی ئەمەریكا كردووە.
لەوبارەوە بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا راگەیاندبوو "وەک ئامادەکارییەکی پێشوه‌خته بۆ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی هەر هێرشێکی مووشەکی لەلایەن ملیشیاکانی سەر بە ئێران، واشنتن رێكاره ئەمنییه‌كانی پاراستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا توندتر دەکات".
پاش ھێرشە مووشەكییەكەی شەوی 20ـی ئەم مانگەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند: "ئه‌گه‌ر یه‌ك ئه‌مه‌ریكی بكوژرێت، ئه‌وا ئۆباڵی له ئه‌ستۆی ئێرانه".
ھ.م