هەولێر و ترابزۆن پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان دەدەن

شاندێکی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دروستکردنی پردێکی نوێی پەیوەندیی ئابووری، گەیشتنە شاری ترابزۆنی تورکیا و یەکەمین یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەو شارە واژۆ کرد.

هەینی، 13ـی شوباتی 2026، شاندێکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ فراوانکردن و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، سەردانی شاری ترابزۆنی تورکیای کرد و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی بازرگانیی لەگەڵ لایەنی بەرانبەر واژۆ کرد.

شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئایدین مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و بە ئەندامیەتیی کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەندامانی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانیی هەولێر و ژمارەیەک لە بازرگان و خاوەنکارانی شاری هەولێر بوو.

لە یەکەمین وێستگەی سەردانەکەدا، شاندەکەی هەرێم لە لایەن تاهیر شاهین، پارێزگاری ترابزۆنەوە پێشوازییان لێ کرا. لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان هەولێر و ترابزۆن کرا، بە تایبەت لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ بازرگانانی هەردوولا.

دواتر شاندەکەی هەرێمی کوردستان سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ترابزۆنیان کرد و لەلایەن ئیرکوت چەلەبی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی شارەکەوە پێشوازییان لێ کرا. لە میانەی دیدارەکەدا، لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی بازرگانی لە نێوان ژووری بازرگانیی هەولێر و ترابزۆن واژۆ کرا، کە بە هەنگاوێکی ستراتیژی دادەنرێت بۆ بەرەوپێشبردنی جموجۆڵ و بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری ترابزۆن بمێنێتەوە و لەو ماوەیەدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ بازرگانان، وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ئەو شارە ئەنجام بدات، بە ئامانجی دروستکردنی دەرفەتی نوێی بازرگانی و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان.