لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ئێران رادەگیرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە هاتوچۆی گەشتیاران بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بەرەو وڵاتی ئێران دەرکرد و رایگەیاند؛ بۆ ماوەیەک ئەو جۆرە گەشتانە رادەگیرێن.
راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ئاگاداری گشت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی دەکەینەوە، ئەوانەی مەبەستیانە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی وڵاتی ئێران بکەن، ئاگاداری ئەم گۆڕانکارییە بن:
1- بە مەبەستی داڕشتنەوەی رێکار و میکانیزمی گونجاو و رێکخستنی کاروبارەکان بەگوێرەی رێنمایی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بڕیاردرا بە راگرتنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی گەشتیاری.
2- بڕیارەکە لە رێکەوتی 1ـی ئاداری 2026 و لەو بەروارە بەدواوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت رادەگیرێت.
3- سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت، دەروازەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای تەواوبوونی رێکارەکان و رێکخستنەوەی دووبارە، گەشتیاران ئاگادار دەکرێنەوە.
ئەم بڕیارە تەنیا ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان دەگرێتەوە و دەروازەکە جەخت دەکاتەوە، ئامانج لێی خزمەتکردن و باشتر رێکخستنی کاروباری گەشتیارانە.