دادگای کۆریای باشوور سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر سەرۆکی پێشووی دا سەپاند

(وێنە؛ ئەرشیف، سەرۆکی پێشووی کۆریای باشوور یون سوک یۆل)
(وێنە؛ ئەرشیف، سەرۆکی پێشووی کۆریای باشوور یون سوک یۆل)

دادگای ناوەندیی سیئۆل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر یون سوک یۆل، سەرۆکی پێشووی کۆریای باشووردا سەپاند، ئەمەش دوای تۆمەتبارکردنی بە "سەرکردایەتیکردنی یاخیبوون" بەهۆی ڕاگەیاندنی یاسای سەربازی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024دا.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "فرانس پرێس"، جی گوو یۆن، دادوەری دادگای ناوچەی ناوەندیی سیئۆل لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا رایگەیاند: "دادگا بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر یون سوک یۆل، بەهۆی رۆڵی لە سەرکردایەتیکردنی یاخیبوونێک دژی دەوڵەت."

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت ناوبراو لە مانگی کانوونی دووەمی 2024دا، بە شێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو یاسای سەربازی لە وڵاتدا راگەیاند. یۆن ئەو کات بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەم هەنگاوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی هێزەکانی دژی دەوڵەت پێویستە.

دوای راگەیاندنی یاسای سەربازی و دروستبوونی ناڕەزایەتییەکان، سەرۆکە کۆنەپەرستە تەمەن 65 ساڵەکە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و دەستگیرکرا. چەندین تۆمەتی ئاڕاستە کرا، لەوانە، سەرکردایەتیکردنی یاخیبوونی سەربازی. هەروەها ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی دادپەروەری. بەکارهێنانی دەسەڵات بەخراپی.

پرۆسەی دادگاییکردنی یۆن لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد. لە دانیشتنەکانی پێشوودا، داواکاری گشتیی جەختی لەسەر مەترسی کارەکانی سەرۆکی پێشوو کردەوە و داوای "زۆرترین سزا"ی بۆ کرد، کە سزای لەسێدارەدان بوو، بەڵام دادگا لە کۆتاییدا بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرکرد.

ئەم رووداوە بە یەکێک لە گەورەترین وەرچەرخانە سیاسییەکانی مێژووی نوێی کۆریای باشوور دادەنرێت، تێیدا سەرۆکێکی هەڵبژێردراو بەهۆی هەوڵدان بۆ سەپاندنی حوکمی سەربازی، رووبەڕووی توندترین سزای یاسایی دەبێتەوە.