فراکسیۆنی سۆیانا بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

فراکسیۆنی سۆیانای مەسیحییەکان لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاندووە، لە 21ـی شوباتی هەموو ساڵێکدا، جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکەنەوە، ئەمەش وەکو جەختکردنەوەیەکە لەوەی کە هەمەچەشنیی زمانەوانی سامانێکی مرۆیی گشتییە و پاراستنی زمانی دایک پاراستنی ناسنامە، کەرامەت و یادگەی مێژوویی گەلانە، چونکە زمان دەفری بیرکردنەوە، پارێزەری میرات و پردی پەیوەندی نێوان نەوەکانە، هەروەها مافێکی دەستووری و کولتووریی رەسەنی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقە.

هەینی 20ـی شوباتی 2026، فراکسیۆنی سۆیانای مەسیحییەکان لە پەرلەمانی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق بە فرەزمانییەکی دەوڵەمەند جیادەکرێتەوە، کە تێیدا زمانەکانی عەرەبی و کوردی وەک دوو زمانی فەرمی لە پاڵ زمانەکانی سریانی، تورکمانی و ئەرمەنیدا پێکەوە دەژین، لەگەڵ زمانەکانی دیکەی پێکهاتە نیشتمانییەکان، ئەمەش دیمەنێکی شارستانییە کە گوزارشت لە قووڵایی مێژووی ئەم نیشتمانە و هەمەچەشنییە مرۆیی و کولتوورییەکەی دەکات.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، زمانی سریانی پایەیەکی رەسەنی ئەم میراتە شارستانییەیە، چونکە بە درێژایی چەندین سەدە بەشدار بووە لە گواستنەوەی زانست و زانیاری و پردێکی کولتووریی لە ناوچەکەدا دروست کردووە، هاوکات پاراستنی ئەم زمانە لە ئێستادا تەنیا یادکردنەوەی رابردوو نییە، بەڵکو پابەندییەکی دەستووری و یاساییە کە پێویستی بە هەنگاوی کردەیی هەیە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا فراکسیۆنەکە سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە، دەستخۆشی لە ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سریانی لە هەرێمی کوردستان دەکەین کە زمانی سریانی لە نووسراوە فەرمییەکانیدا جێگیر کردووە، ئەمەش بەرجەستەکردنی مافێکی یاساییە کە پێویستە گشتگیر بکرێت و پەرەی پێ بدرێت، هەروەها خۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ کردنەوەی بەشە زانستییەکانی تایبەت بە زمانی سریانی لە زانکۆکانی بەغدا، هەولێر، مووسڵ و دهۆک، کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی ئەم زمانە لە خوێندنی باڵادا و بونیادنانی بنکەیەکی زانستیی تۆکمە بۆ بەردەوامبوونی.

هاوکات ئاماژە بەوەدراوە، هاوتەریب لەگەڵ دەستوور و یاسای زمانە فەرمییەکان، جەخت دەکەینەوە کە جێگیرکردنی زمانی سریانی لەو یەکە کارگێڕییانەی کە تێیدا بە زمانی فەرمی دادەنرێت، مافێکی یاسایی و دەستوورییە و نابێت دوا بخرێت، لەبەر ئەوە، جارێکی دیکە داوا دەکەین ئەم شایستەییە بە کردەیی لە سەرجەم دامەزراوەکانی قەزای عەنکاوە و قەزاکانی تەلکێف و حەمدانیە جێبەجێ بکرێت، بە جۆرێک کە مامەڵە و نووسراوە فەرمییەکان بە زمانی سریانی بن لە پاڵ زمانە فەرمییەکەی دیکەدا، ئەمەش بۆ ئەوەی لەگەڵ بنەمای دادپەروەریی دەستووری و یەکسانی نێوان هاووڵاتییاندا بگونجێت.

هەروەها جەخت لە پێویستیی بەهێزکردنی خوێندنی سریانی لە حکوومەتەکانی ناوەند و هەرێم دەکەینەوە، لە رێگەی پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان، ئامادەکردنی کادیرانی فێرکاری، دابینکردنی سەرچاوە پێویستەکان و دەستەبەرکردنی هەماهەنگییەکی کارای دامەزراوەیی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، بۆ پاراستنی زمانەکە و بەهێزکردنی بوونی لە هەردوو کایەی پەروەردەیی و کارگێڕیدا.

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەکردوە، پاراستنی زمانی پێکهاتە نیشتمانییەکانمان، لەوانەش سریانی، تورکمانی و ئەرمەنی، پابەندییەکی دەستووری و بەرپرسیارێتییەکی سیاسی هاوبەشە، هەروەها بەرجەستەکردنی بنەمای هاوبەشی راستەقینە و دادپەروەریی کولتوورییە کە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراوە.