ئێران: لە رێگەی سەرچاوە داراییەکانمان لە عێراق ڤاکسینی کۆرۆنا دەکڕین
"پێویستە بە زووترین کات سەرچاوە داراییەکانی لە عێراق بەکاربهێنێت"
K24 - ھەولێر
رەزا ئەردەکانیان، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە رێگەی سەرچاوە داراییەکانی لە عێراق ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەوروپا دەکڕێت.
وەزیری وزەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی ئاشكرای كرد، وەزارەتی تەندروستی ئێران لەگەڵ هاوبەشەکانی، پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆمپانیا ئەوروپا دەکڕن، پارەکەشی لە رێگەی سەرچاوە داراییەکانی لە عێراق خەرج دەکەن.
ئەردەکانیان، هیواشی خواست وڵاتەکەی بتوانێت بە زووترین کات سەرچاوە داراییەکانی لە عێراق بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی کاڵا سەرەکییەکان و ماددەکانی دیکەی پێ بکڕێت، کە لە داهاتووێکی نزیک پێویستیانە.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازی سرووشتیان بۆ عێراق، ئەردەکانیان ئاماژەی بەوە كرد، سەرەڕای بەربەستەکان، بەڵام وەزارەتی کارەبای عێراق و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە توانیان بەشێکی گەورەی قەرزەکانی کۆمپانیای توانێر و بەشێکی قەرزی کۆمپانیای گازی ئێرانی بدەنەوە.