حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک پڕۆژە بۆ بە جیهانیبوونی زمانی کوردی رادەگەیەنێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەنگاوێکی بێوێنەدا بۆ بەدیجیتاڵکردن و بەجیهانیبوونی زمانی کوردی، حەوت پڕۆژەی ستراتیژیی گەورەی راگەیاند، کە بوارەکانی فێربوون، تەکنەلۆژیا، زیرەکیی دەستکرد و ئەدەبیاتی منداڵان دەگرێتەوە. پڕۆژەکان ئامانجیان گواستنەوەی زمانی کوردییە لە قۆناغی کلاسیکییەوە بۆ قۆناغی تەکنەلۆژیای سەردەم و ناساندنی بە 13 زمانی زیندووی جیهان.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، لە رێوڕەسمێکی ئەکادیمی و شایستەدا لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، حوکومەتی هەرێمی کوردستان حەوت پڕۆژەی ستراتیژیی بۆ گەشەپێدان، بە ستانداردکردن و بە نێودەوڵەتیکردنی زمانی کوردی راگەیاند.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردەوە، پڕۆژەکان کە لە چوارچێوەی دیدگای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمانی دایک، سەرجەم سێکتەرە گرنگەکانی (پەروەردە، تەکنەلۆژیا، و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان) دەگرنەوە و بەم شێوەیەی خوارەوەن:

1- فێربوونی کوردی بۆ بیانییەکان:  زنجیرە کتێب و ئەپڵیکەیشنێکی مۆدێرن بە ناوی "کوردی بە ئاسانی فێربوون" خرایە روو، کە بە 13 زمانی زیندووی جیهانی (7زمانی ئەورووپی، 3 زمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و بۆ یەکەمجار زمانەکانی چینی، ژاپۆنی و کۆری) ئامادە کراوە.

2- چارەسەری تەکنیکی (هەڵەبژێری کوردی): راگەیاندنی یەکەمین پاشکۆی نووسینی کوردی بۆ پرۆگرامەکانی (Microsoft Word و Excel) کە ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە راستکردنەوەی هەڵە ڕێنووسییەکان و یەکخستنی ستانداردی نووسین.

3- داتای گەورە و زیرەکیی دەستکرد:  بنیاتنانی "سیستەمی تۆماری وشەکان" کە داتایەکی گەورەی زمانی کوردییە و زیاتر لە 300 هەزار وشەی لەخۆ گرتووە. ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای مۆرفۆلۆژی و واتاسازی داڕێژراوە و وەک ژێرخانێک بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە زیرەکیی دەستکرد (AI) دادەنرێت.

4- سیستەمی (K-IELTS): ناساندنی سیستەمی تاقیکردنەوەی زمانی کوردی، کە هاوشێوەی تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی وەک IELTS و TOEFLـە، بۆ پێوانی ئاستی شارەزایی بیانییەکان و خوازیارانی بڕوانامەی فەرمی.

5- ئەلفوبێی کوردی بۆ منداڵان: پرۆژەیەکی پەروەردەیی نوێیە کە بە هاوکاریی ئەپڵیکەیشن و ئەنیمەیشن، منداڵانی قۆناغی بنەڕەتی فێری پیت و دەنگە کوردییەکان دەکات.

6- زنجیرەچیرۆکی منداڵان: کۆمەڵێک چیرۆکی نووسراو و بیستراو بۆ تەمەنە جیاوازەکان کە بە شێوازێکی هونەریی بەرز ئامادە کراون.

7- فەرهەنگی فرەڕەنگ: فەرهەنگێکی گشتگیر کە 31 بابەتی جیاوازی زانستی و ژیانی لەخۆ گرتووە و وەک.

لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا، فەریاد فازیل، نووسەر و زمانناس، گرنگیی ئەم وەرچەرخانەی خستە روو و گوتی: "ئێمە هەوڵمان داوە زمانی کوردی بکەینە خاوەن داتایەکی گەورە (Big Data) و لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە بیگەیەنینە جیهان. ئەم پڕۆژانە هەنگاوێکی مێژوویین بۆ ئەوەی زمانی کوردی شانبەشانی زمانە ستانداردەکانی جیهان بوەستێتەوە".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، کە زمانی دایک ناسنامەی نەتەوەییە و پاراستنی لە پێشینەی کارەکانیاندایە، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم پڕۆژانە ژێرخانێکی زانستی و سەردەمییانە بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دابین دەکەن تا بتوانن لە کایەکانی زانست و کارگێڕیدا بەکاری بهێنن.