خالید خۆشناو: ئەمساڵ دەست بە کارەکانی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری دەکەینەوە

خالید خۆشناو، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی هێمن، رایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی شەقامی بازنەیی 150 مەتریی هەولێر لەمساڵدا دەست پێدەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی دووسایدی هەولێر-گۆمەسپان، خالید خۆشناو لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بە گرنگیی ئەو پڕۆژە رێگاوبانانە کرد کە کۆمپانیاکەیان جێبەجێی کردوون و باسی لە یەکێک لە پڕۆژە تەواوکراوەکان کرد و گوتی: "پێشتر ئەم رێگایە بە 'رێگای مەرگ' ناسرابوو، یەک ساید بوو بە پانیی نۆ مەتر، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا کراوەتە دوو ساید و پانیی هەر سایدێک 13 مەترە."

خالید خۆشناو، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگە بۆ شاری هەولێر.

سەبارەت بە پڕۆژەکانی داهاتوو، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی هێمن جەختی کردەوە، "ئەمساڵ دەست بە پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری دەکەینەوە، بەهۆی ئەوەی درێژییەکەی 74 کیلۆمەترە، نازانین کەی تەواو دەبێت، بەڵام کارەکانی ئێمە خێرا بەڕێوەدەچن."

شەقامی 150 مەتری بە یەکێک لە گەورەترین و ستراتیژیترین پڕۆژەکانی هەولێر و هەرێمی کوردستان دادەنرێت، کە چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی تەواوبوونیدا قەرەباڵغییەکی زۆری هاتوچۆ لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی دیکەی شارەکە کەم بکاتەوە.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدی (هەولێر - گۆمەسپان)ـی بە رووی شۆفێران و هاووڵاتییاندا کردەوە و رایگەیاند، پڕۆژەکە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆ و بەیەکەوەبەستنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەکات.

پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – گۆمەسپان، گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە ژێرخانی هاتوچۆی ناوچەکە و تایبەتمەندییەکانی بەمشێوەیەن:

- درێژیی رێگاکە: 16 کیلۆمەترە (دوو ئاڕاستە).

- رێگای خزمەتگوزاری: 8 کیلۆمەتر رێگای خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت.

- پانیی رێگا: هەر ئاڕاستەیەک پانییەکەی 11 مەترە و لە سێ رێرەو پێکهاتووە (دوو رێڕەو بۆ ڕۆیشتنی ئاسایی و یەک رێڕەوی فریاگوزاری/تەنیشت).

- پێکهاتەی قیر: سێ چین قیری بۆ بەکارهاتووە بە ئەستووریی 21 سانتیمەتر.

- ژێرخان: چینێکی 30 سانتیمەتریی بەهێز بۆ بەرگەگرتنی کێشی قورس دروستکراوە.

- خێرایی رێگەپێدراو: 100 کم/کاتژمێر بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک و 80 کم/کاتژمێر بۆ بارھەڵگر.