رەگی نووسین 40 هەزار ساڵ پێش ئێستا دۆزرایەوە
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی پەردەی لەسەر نهێنیی ئەو نەخش و نیشانە وردانە لاداوە کە لەسەر پەیکەر و پارچە شوێنەوارییەکانی 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەڵمانیا دۆزراونەتەوە، دەرکەوتووە ئەو نیشانانە خەسڵەتی هاوشێوەی کۆنترین سیستەمی نووسینیان تێدایە کە دواتر لە میزۆپۆتامیا سەری هەڵداوە.
ئەم دۆزینەوەیە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی مرۆڤ پێشتر خاوەنی توانایەکی فیکری و مەعریفیی وا بوون کە پێشتر زانایان پێشبینییان نەدەکرد.
ئەم توێژینەوەیە لەسەر زیاتر لە 200 پارچەی شوێنەواریی کولتووری ئۆریجناسی ئەنجامدراوە کە لە چوار ئەشکەوتی باشووری رۆژئاوای ئەڵمانیا دۆزراونەتەوە، یەکێک لە دیارترین ئەو پارچانە پەیکەرێکی بچووکە کە بە پەیکەری پەرستشکار ناسراوە و لە عاجی فیل نێژراوە.
توێژەران لە رێگەی شیکاریی ئاماری و کۆمپیوتەرییەوە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو خاڵ، هێڵ، خاچ و ئەستێرانەی لەسەر ئەو پارچانە هەڵکۆڵراون، تەنیا نەخشی جوانی نین، بەڵکوو بە شێوەیەکی سیستماتیک و مەبەست دار بەکار هێنراون.
کریستیان بێنتس، زانای زمانەوانی لە زانکۆی سارلاند لە ئەڵمانیا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، چڕیی زانیارییەکان لەم نیشانانەدا زۆر لە چڕیی زانیارییەکانی کۆنترین سیستەمی نووسینی بزماری دەچێت کە لە ساڵی 3300ـی پێش زایین لە شاری ئوروک لە میزۆپۆتامیا دەرکەوتووە؛ بۆ نموونە توێژەران تێبینییان کردووە کە هێمای خاچ تەنیا لەسەر ئامێرەکان و پەیکەری ئاژەڵەکان بینراوە و هەرگیز لەسەر پەیکەری مرۆیی بەکارنەهێنراوە، ئەمەش نیشانەی بوونی جۆرێک لە کۆدی گەیاندنی زانیارییە کە لە نێوان نەوەکاندا گواستراوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئەم نیشانانە هێشتا وەک زمانێکی نووسراوی تەواو دانانرێن چونکە پەیوەندییان بە دەنگەکانەوە نییە، بەڵام شوێنەوارناسان پێیان وایە مرۆڤەکان لەو سەردەمەدا بە زمانێکی ئاڵۆز قسەیان کردووە کە لە رووی پێکهاتەوە لە زمانەکانی ئەمڕۆ چووە.
ئیڤا دۆتکێڤیتش، شوێنەوارناس لە مۆزەخانەی مێژووی بەرلین ئاماژە بەوە دەکات، ئەم دۆزینەوەیە دەیسەلمێنێت مرۆڤی راوچی و کۆکەرەوەی بەر لە 40 هەزار ساڵ، زۆر پێش داهێنانی نووسین لە میزۆپۆتامیا، هەوڵی داوە سیستمێکی جێگیر بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکان دابنێت.