عەبدوڵڵا ئۆجەلان: پەیوەندی نێوان کورد و تورک مێژوویین
دوای ساڵێک بەسەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە، هەر ئەمڕۆ پەیامێکی نوێی بە زمانی کوردی و تورکی بڵاوکردەوە و داوای کرد، هەموولایەک کار بکات بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ئەمڕۆ هەینی 27ـی شوباتی 2026، پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: تورک بەبێ کورد، کوردیش بەبێ تورک نابن، ئەم دیالەکتیکی پەیوەندییە خاوەن کارەکتەرێکی مێژوویی رەسەنە، نووسینە بنەڕەتییەکانی سەردەمی دامەزراندنی کۆمار، یەکێتیی تورک و کوردیان نیشان دەدا.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئێستا دەبێت لە قۆناغی نەرێنییەوە تێپەڕین بۆ قۆناغی ئەرێنیی بنیادنان، رێگە لەبەردەم سەردەم و ستراتیژێکی نوێی سیاسەت دەکرێتەوە، ئامانجمان ئەوەیە کە سەردەمی سیاسەتی توندوتیژی کۆتایی پێ بهێنین و پرۆسەیەک لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەروەریی یاسا بکەینەوە، داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین کە لەم بوارەدا دەرفەت بخوڵقێنن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.
ئۆجەلان باسی لەوەش کرد، هاوڵاتیبوون دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەندی بە دەوڵەتەوە بێت، نەک لەسەر بنەمای سەر بە نەتەوەیەک بوون. ئێمە بەرگری لە هاوڵاتیبوونێکی ئازاد دەکەین کە ئازادیی ئایین، نەتەوە و بیروڕا دەخاتە پێشەوە. چۆن ئایین و زمان ناسەپێنرێن، دەبێت نەتەوەبوونیش نەسەپێنرێت.
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان
" بانگەوازەکەی ئێمە لە 27ـی شوباتی 2025، لەو شوێنەی سیاسەتی دیموکراتی جێگیر دەبێت، چەک مانای خۆی لەدەست دەدات؛ بەیاننامەیەکی ڕوونە کە سیاسەت هەڵبژێردراوە و تەواکەری بنەماکانە. ئێمە بە ئیرادە و پراکتیکی یەکلایەنە، بە شێوەیەکی بنەڕەتی سەردەمی سەرهەڵدانی نەرێنیمان تێپەڕاند.
پرۆسەی ڕابردوو لێهاتوویی و هێزی ئێمەی بۆ گفتوگۆ سەلماندووە و دەتوانین ڕێگە بۆ وەرچەرخان لە سیاسەتی توندوتیژی و پارچەگەراییەوە بەرەو سیاسەتی دیموکراتی و یەکگرتنەوە (ئینتیگراسیۆن) بکەینەوە. بانگەواز، کۆنفرانس و کۆنگرەکانی ئێمە بۆ ئەم ئامانجە بوون.
بڕیارە ڕێکخراوەییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری، تەنیا ڕەتکردنەوەی فەرمی و پراکتیکی توندوتیژی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا نیشاندەری وەرچەرخانێکی دەروونییە بەرەو ڕێگەیەکی سیاسی. ئەمە لە هەمان کاتدا ڕاگەیاندنی پێکهاتنێکی دەروونی بوو لەگەڵ کۆماردا.
من ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازی بەڕێز باخچەلی، هاوکاریی بەڕێز ئۆزەل و هەوڵەکانی هەموو ئەو کەس و دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییانەی تر کە ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە، بە زۆر گرنگ دەبینم. بەتایبەتیش هاوڕێمان 'سڕی سورەییا' جارێکی تر بە ڕێز و حەسرەتێکی گەورەوە یاد دەکەمەوە.
تورک بەبێ کورد، کوردیش بەبێ تورک نابن، ئەم دیالەکتیکی پەیوەندییە خاوەن کارەکتەرێکی مێژوویی ڕەسەنە. نووسینە بنەڕەتییەکانی سەردەمی دامەزراندنی کۆمار، یەکیەتیی تورک و کوردیان نیشان دەدا. بانگەوازەکەی ئێمە لە 27ی شوبات، هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕۆحییەتی یەکیەتییە و داواکاریی کۆمارێکی دیموکراتیکە، ئێمە ئامانجمان بوو کە میکانیزمی خوێن و ململانێ بشکێنین. لەبری بینینی مێژووییبوون، جدییەت و مەترسییە شاراوەکانی کێشەکە، ئەگەر بەگوێرەی بەرژەوەندیی سیاسی کورتخایەن و تەسک بجوڵێینەوە، ئەمە هەموومان لاواز دەکات. هەوڵدان بۆ بەردەوامبوونی ئینکار و سەرهەڵدان، هەوڵدانە بۆ بەردەوامبوونی گەورەترین نادادی. ئێمە ئەو ئاستەنگانەی بەردەم یەکیەتی لادەبەین کە لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا ویستراوە ئەو یەکیەتییە بشێوێنرێت، ئێمە مەرجەکانی یاسای یەکیەتی بەدی دەهێنین. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن بێینە لای یەک و ژیانی پێکەوەیی بنیاد بنێین.
ئێستا دەبێت لە قۆناغی نەرێنییەوە تێپەڕین بۆ قۆناغی ئەرێنیی بنیادنان. ڕێگە لەبەردەم سەردەم و ستراتیژێکی نوێی سیاسەت دەکرێتەوە. ئامانجمان ئەوەیە کە سەردەمی سیاسەتی توندوتیژی کۆتایی پێ بهێنین و پرۆسەیەک لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەروەریی یاسا بکەینەوە. داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین کە لەم بوارەدا دەرفەت بخوڵقێنن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ڕێککەوتنی دیموکراتیک و یەکگرتنەوە، بنەماکانی هۆشیاریی قۆناغی ئەرێنین. قۆناغی ئەرێنی، ڕێبازەکانی تێکۆشانی زۆرەملێ و توندوتیژی وەلا دەنێت. ئامانجی بنیادنانی ئەرێنی، دەستبەسەرداگرتنی هیچ دامەزراوە یان پێکهاتەیەک نییە، ئامانج ئەوەیە کە هەر کەسێک لە کۆمەڵگەدا بتوانێت بەرپرسیارێتی وەربگرێت و بەشداری لە بنیادنانی کۆمەڵایەتیدا بکات. ئامانج ئەوەیە کە بنیادنان بە پێکەوەیی و لەناو کۆمەڵگەدا بێت. گروپە چەوساوەکان، گروپە نەتەوەییەکان، گروپە ئایینی و کولتوورییەکان دەتوانن بە تێکۆشانی دیموکراتیی بەردەوام و ڕێکخراوەیی خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی خۆیان بکەن. لەم پرۆسەیەدا زۆر گرنگە کە دەوڵەت وەڵامی وەرچەرخانی دیموکراتیک بداتەوە.
یەکگرتنەوەی دیموکراتیک لانی کەم بەقەد سەرەتای کۆمار گرنگە. ئەوە بانگەوازێکە کە بەقەد ئەو [سەردەمە] مانا، داهاتوو و توانای هێز و بوون و دەوڵەمەندی لەخۆ دەگرێت. لە بنەماکەیدا مۆدێلی کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەیە. ئەوە جێگرەوەیەکە بۆ ڕێبازە پارچەگەرەکان یان ڕێبازە تواندنەوە پێچەوانەکان. بۆ گواستنەوە بەرەو یەکگرتنەوەی دیموکراتیک، پێویستیمان بە یاساکانی ئاشتی هەیە. چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێشبینی بنیادنانی تەلارسازی و یاسایەک لە چوارچێوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریدا دەکات.
زۆرێک لەو کێشە و قەیرانانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بەهۆی نەبوونی یاسایەکی دیموکراتیکەوە سەرهەڵدەدەن. ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیکدا بەرگری لە چارەسەرێکی یاسایی دەکەین. پێویستیمان بە نەتێڕوانینێک هەیە کە بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بۆ دیموکراسی مەیدان بکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش گەرەنتییە یاساییە بەهێزەکان بنیاد بنێت.
هاوڵاتیبوون دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەندی بە دەوڵەتەوە بێت، نەک لەسەر بنەمای سەر بە نەتەوەیەک بوون. ئێمە بەرگری لە هاوڵاتیبوونێکی ئازاد دەکەین کە ئازادیی ئایین، نەتەوە و بیروڕا دەخاتە پێشەوە. چۆن ئایین و زمان ناسەپێنرێن، دەبێت نەتەوەبوونیش نەسەپێنرێت. پەیوەندیی یاسایی هاوڵاتیبوون، لەناو سنوورە دیموکراتیکەکاندا و لەسەر بنەمای یەکپارچەیی دەوڵەت، مافی دەربڕین و ڕێکخستنی ئازادانەی ناسنامەی ئایینی، ئایدۆلۆژی و نەتەوەیی لەخۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ هیچ سیستمێکی فیكری بەبێ ئەوەی لەسەر دیموکراسی بنیاد بنرێت ناتوانێت بژی. وەستان و سستی، ئاڵۆزی و قەیرانەکان کاتین؛ لە کۆتاییدا دیموکراسی دەبێتە هەمیشەیی. بانگەوازەکەی ئێمە ئامانجی ئەوەیە نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا چارەسەر بۆ کێشەی ژیانی پێکەوەیی و ئەو قەیرانانەی لێیەوە دروست دەبن بدۆزێتەوە. ئێمە بەرگری لە مافی بوون و خۆدەربڕینی ئازادی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە ڕووبەڕووی نادادی بوونەتەوە.
ژنان، هێزە کۆمەڵایەتییە پێشەنگەکانن کە هیچ کۆمەڵگە یان دەوڵەتێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوان ناتوانێت بەردەوام بێت لە بوونی خۆی. ئەمڕۆ، توندوتیژیی خێزانی، کوشتنی ژنان و زۆرداریی باوکالاری، هەموویان دەرکەوتە هاوچەرخەکانی ئەو هێرشە مێژووییەن کە بە کۆیلەکردنی ژنان دەستی پێکردووە. لەبەر ئەوە، ژنان ئازادیخوازترین پێکهاتە و هێزی بەهێزکردنی یەکگرتنەوەی دیموکراتیکون.
زمانی ئەم سەردەمە نابێت باڵادەست و ئۆتۆریت بێت. دەبێت دەرفەت بدەینە هەر کەسێکی تر کە بتوانێت بە شێوەیەکی ڕاست خۆی دەرببڕێت، بە وردی گوێ بگرێت و ڕاستییەکانی خۆی بڵێت.
بەدیهاتنی هەموو ئەمانە، پێویستی بە ئەقڵێکی هاوبەش هەیە کە ڕێز لە یەکتر بگرێت.
سڵاو و ڕێز"